بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ عۆمان سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەم سەردانە کاریگەریی لە سەر دانوستانەکانی هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکان دەبێت، بە پەیامنێڕی ئاژانسی ئێرنای ڕاگەیاند کە سەردانەکەی بۆ مەسقەت لە پلەی یەکەمدا بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و عۆمان دەگەڕێتەوە.
ناوبراو وتی: لە سەردانەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عۆمان، بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات چەندین ڕێکەوتنی گرنگیان کرد و باڵیۆزخانەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەم ماوەیەدا هەنگاوی گەورەیان بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان و جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنانە هەڵگرتووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: جێی خۆشحاڵییە کە سوڵتانی عۆمان ڕایگەیاند وەک کەسێک کە ساڵانێک لە بواری دیپلۆماسیدا چالاکیی کردووە، لەم قۆناغەدا جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان و گەشەی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەبینێت. هەروەها سەبارەت بە چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە ئاشتی، سەقامگیری و پێشکەوتنی ناوچەکە لە گەڵ بەڕێز سوڵتانی عۆمان و وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە وتووێژ کرا.
ناوبراو سەبارەت بە دانوستانەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکانیش وتی: عەلی باقری دانوستانکاری باڵای ئێران لە کۆنگرەی بەغدا – 2 لە ئەردەن لە گەڵ ئەنریکە مورا ڕێکخەری دانوستانەکان کۆبووە و منیش لە گەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا کۆبوومەوە و چەندین لێک تێگەیشتن هەبوو و بۆچوونەکان ئاڵوگۆڕ کرا. بە دڵنیاییەوە کە یەکێتی ئەورووپا وەک ڕێکخەری دانوستانەکان درێژە بە هەوڵەکانی دەدات.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لەم دۆسیەدا عۆمان لە هەمان سەرەتاوە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لە ساڵی 2015 ڕۆڵی نێوەندگێڕیی هەبووە، لە چەند مانگی ڕابردووش هەوڵێکی جیدیی لەم پێناوەدا هەبووە و ئەمەش درێژەی هەیە. ئەمڕۆ بە بەڕێز سوڵتانی عۆمانم ڕاگەیاند کە ئێمە نەک بۆ دانوستان لە پێناو دانوستان، بەڵکوو بۆ گەیشتن بە ئەنجام چەندین مانگ دانوستانمان کرد.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: دەرگای گەیشتن بە ڕێکەوتن لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ هەمیشە کراوە نابێت، ئەمڕۆ ئەم دەرگا کراوەیە، بەڵام ئەگەر لایەنەکانی دیکە بە تایبەت ئەمریکییەکان واز لەم سیاسەتەی ئێستا نەهێنن، دیار نییە کە ئەو دەرگایەی ئەمڕۆ کراوەیە، سبەی بە کراوەیی بمێنێتەوە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: هیوادارین کە هەڵسووکەوت و تێڕوانینی لایەنەکانی ڕۆژئاوا لە دووفاقی دوور بکەوێتەوە و ئەو دانوستانەش کە چەندین مانگ بەردەوام بووە، لە پێناو بەرژەوەندی هەمووان بە ئەنجام بگات./.