بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، جەختی لە سەر هەڵوێستی تاران لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی کردەوە و وتی: ئێمە لەو بڕوایەداین کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە گەڵ ئەو ڕژێمە، یارمەتیدەری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە نابێت و هیچ کاریگەرییەکیشی لە سەر مسۆگەربوونی مافەکانی گەلی فەڵەستین نابێت.
ناوبراو جەختیکردەوە کە گەلی فەڵەستین هیچ پێشوازییەکی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە و ڕژێمی زایۆنیستی نەکردووە و نایکات و وتی: گەلانی ناوچەکەش پیشانیان داوە کە پێشوازی لەو سازشتە ناکەن و قبووڵیان نییە و تێڕوانینی خۆیان لە بوارە جیاجیاکان پیشان داوە، لە مۆندیالی قەتەر ئەو دژایەتییەی گەلانی موسڵمان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بۆ جیهان ڕوون کرایەوە و زایۆنیستەکان خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە بە بێ ئەوەی لە مۆندیال ئامادە بن، گەورەترین دۆڕاو بوون و گەلی فەڵەستینیش بە بێ ئەوەی کە بەشداری بکات گەورەترین براوەی مۆندیالی قەتەر بووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: هیوادارین تێڕوانینی گەلی فەڵەستین و گەلانی دیکەی ناوچەکە لە لایەن حکومەتەکانەوە ڕەچاو بکرێت و گرنگییەکی زیاتریش بە مەترسی و هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر ناوچەکە بدەن./.