بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە بەشداری و ئامادەبوونی بەرچاوی دانیشتووانی ناوچەی دوجەیل بەڕێوەچوو و تێیدا بەشێک لە بەرپرسانی خۆجێی و کەسایەتییە سیاسی، ئائینی و سەرکردەی هۆزەکان ئامادەی بوون، جەخت لە سەر بەردەوامی ڕێبازی شەهیدان بۆ بەرگری لە ئیسلام و وڵاتانی ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بە تایبەت ئەمریکای تاوانبار کرایەوە.
هەروەها بە چەندین چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، یاد و بیرەوەرییەکانی فەرماندەکانی سەرکەوتن بە سەر گرووپی تیرۆریستی داعش و ڕۆڵی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی ئەوان بۆ بەرگری لە کۆمەڵگای ئیسلامی و ڕوبەڕوبونەوەی پیلانە تاوانبارانەکانی داعش و پێکهێنەرانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە، بەرز ڕاگیرا و جەخت لە سەر درێژەپێدانی ڕێبازی ئەم شەهیدانە کرایەوە.
دانیشتووانی پارێزگای سەڵاحەدین بیرەوەرییەکی زۆریان لە گیانفیدایی و قارەمانێتی شەهید حاجی قاسم سولێمانی فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە شەڕی دژ بە گرووپی تیرۆریستی داعش هەیە.
شاری ئامرلی لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆ ماوەی 80 ڕۆژ لە لایەن چەکدارانی گرووپی تیرۆریستی داعشەوە گەمارۆ درا. ئەو گەمارۆیە دواتر بە فەرماندەیی حاجی قاسم سولێمانی و بە بەشداری هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی تێکشکا و داعش شکستی هێنا.
ئازادکردنی شاری شێعەنشینی ئامرلی و تێکۆشان و گیانفیدایی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ڕزگارکردنی کەمینەی تورکمانی دانیشتووی ئەم شارە لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش، هێز و پێگەی حەشدی شەعبی و خۆشەویستی شەهید حاجی قاسم سولێمانیی هێندەی دیکە زیاد کرد.
بە شکستی ئامرلی و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین بە فەرماندەیی ڕاستەوخۆی شەهید سولێمانی، تیرۆریستانی داعش ورەی خۆیان لە دەستدا و لە موسڵ کە وەک پایتەختی خۆیان ڕایانگەیاندبوو، هەڵهاتن و بەمەش کۆتایی بە حکومەت و خەلافەتی داعش وەک پیلانی ئەمریکا هێنرا./.