بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەمید حوسێنی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق وتی: گومان لەوەدا نییە کە ئابوریی ئەڵمانیا تایبەتە و لە ڕووی هێزی پیشەسازی و هەروەها لە هەناردەکردنی کەرەستەی پێشکەوتوو لە نێو وڵاتانی ئەورووپی لە پلەی یەکەمدایە. ئابوریی ئێرانیش بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام لە گەڵ ئەڵمانیا پەیوەندی تایبەتی خۆیی هەبووە و زۆربەی پیشەسازییە سەرەکییەکانی ئێمە لە ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە پیشەسازی و شێوازەکانی ئەڵمانیا درووست کراون.
ناوبراو وتی: ئەڵمانیا لە ساڵانی ڕابردوو لە سەرەکیترین هاوبەشە ئەورووپییەکانی ئابوریی ئێران بووە و بەشێکی زۆری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتیش بۆ هاوردەی ئێران لە ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە و ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک ڕوو بدات زیاتر پەیوەندی بەم ئاماری هاوردەوە دەبێت.
حوسێنی سەبارەت بەوەی کە ئایا دەکرێت لە ئەگەری دابەزینی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ ئەڵمانیا، کەڵک لە توانای وڵاتانی دراوسێ وەربگیرێت، وتی: ئەڵمانیا لەو وڵاتە پێشکەوتووانەیە کە ڕەنگە جێگرەوەشی لە نێو وڵاتانی ئەورووپی ئەستەم بێت، ئەگەرچی ئێمە دەتوانین کەڵک لە وڵاتێکی وەک تورکیا لە هەندێک بواردا وەربگرین بەڵام وڵاتانی دیکەی دراوسێ ئەو توانایەیان نییە و ناتوانن لە هەندێک بواردا ئەوە قەرەبوو بکەنەوە./.