بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک بە سەر ڕاگەیاندنی حکومەتی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە و گۆڕینی ئەرک و ڕاسپاردەی ئەوان بۆ مەشق و ڕاوێژکاری، چەند لایەنێکی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکان بە گومانەوە لەمە دەڕوانن و جارێکی دیکە هەوڵەکانیان بۆ دەرکردنی ئەمریکییەکان دەستپێکردووەتەوە.
لە هەمان کات و سەرەڕای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕێکەوتنی حکومەتەکەی کازمی لە گەڵ ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە تا کۆتایی ساڵی 2021، کێنت مەک کێنزی فەرماندەی پێشووی ڕێکخراوی تیرۆریستی سنتکۆم جەختیکردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام لە عێراق دەمێننەوە.
ڕۆژنامەی ” العربی الجدید ” لە نووسینێکدا تاوتوێی ئەم پرسەی کردووە و ڕایگەیاندووە کە کۆتایی کانوونی یەکەمی 2021 بوو کە مستەفا کازمی کۆتایی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکای ڕاگەیاند و باسی ئامادەیی هێزەکانی عێراقی کرد بۆ بەرگری لەم وڵاتە و هەروەها ڕایگەیاند کە ئەرک و ڕاسپاردەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ مەشق و ڕاوێژکاری دەگۆڕدرێت.
لە درێژەی ئەو نووسینەدا هاتووە کە گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە دوو ساڵی ڕابردوو لە پێناو دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا داواکارییەکانیان زیاتر کرد و بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش گوشارەکانیان چڕ کردەوە، لەو چوارچێوەشدا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق کرایە ئامانج بەڵام لە پاش پێکهێنانی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سودانی لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە کە زۆربەی ئەو گرووپانەی تێدایە، هەڵمەتی دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕاگیراوە.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەمەش لە ڕۆژانی ڕابردوو هەڵمەتی میدیایی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا زیاتر بووە و سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە گومانەوە لەو ڕێکەوتنە دەڕوانن کە لە نێوان حکومەتەکەی مستەفا کازمی و ئەمریکییەکاندا واژۆ کراوە، هەروەها فەرماندەکانی حەشدی شەعبی لەو بڕوایەدان کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کاریگەری نەرێنیی لە سەر هەڵمەتە سەربازییەکانی دژ بە داعش داناوە.
العربی الجدید ڕایگەیاندووە کە لە بەرامبەردا سودانی هەوڵ دەدات ئەم بابەتە لە ئێستادا گەڵاڵە نەکات. سیاسەتمەدارێکی ئاگادار کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە لە وتووێژی لە گەڵ ئەم ڕۆژنامەیە ڕایگەیاندووە کە سودانی لە گرنگی پەیوەندییەکان لە گەڵ واشنتن دەزانێت و هەوڵی پتەوکردنی دەدات بەڵام لە هەمان کاتیشدا لەوە نیگەرانە کە ئەم بابەتە نەبێتە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایەتی چەند لایەنێکی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
لە لایەکی دیکەوە، مەحمود حەیانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام لەم وڵاتەدا ماونەتەوە و ئەوەی کە لە سەردەمی کازمیدا باس کراوە، بۆ ڕاگرتنی هێرشە ڕۆکێتییەکان لە دژی ئەو بنکە سەربازییانە بووە کە ئەمریکییەکانی تێدا بووە.
ناوبراو وتی کە حکومەتەکەی سودانی بە پێچەوانەی مستەفا کازمی هەوڵێکی ڕاستەقینەی بۆ دەرکردنی ئەمریکییەکان هەیە و لەم پێناوەشدا لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پاڵپشتی دەکرێت.
سەجاد سالم ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە حکومەتەکەی سودانیش وەک درووشمێک ئەم هەوڵانەی دەستپێکردووە و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هیچ هەنگاوێکی جیدییان بۆ ئەو مەبەستە نییە، ئەگەرچی بڕیار بەدەستی سەرەکین لە ئێستادا./.