بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلیڕەزا عەنایەتی لە وتوویژی لە گەڵ ئاژانسی ئێرنا سەبارەت بە دەسکەوتەکانی کۆنگرەی بەغدا – 2 کە لە ئەمان ی پایتەختی ئەردەن بەڕێوەچوو، وتی: سەرەتا دەبێت ئاماژە بە وتارەکەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کۆنگرەیەدا بدەم، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی وتارەکەی بەڕێز حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، ئاماژە بە ڕۆڵی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوو بووە، بە شێوازێک کە لە سەرجەم بوارەکانی حکومی، خەڵک و هەروەها لە بوارەکانی وەک ئابوری، وزە، هێڵەکانی گواستنەوە و سەرمایەگوزاری، ئامادەبوونی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە عێراق، دابینکردنی غاز و ….. لە گەڵ عێراق بووە.
ناوبراو وتی: لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە پرۆسەی سیاسی و دابینکردنی ئاسایشی عێراق بە تایبەت لە شەڕی دژ بە تیرۆریزمی داعش هاوکارییەکی چالاکی هەبووە. پێشکەشکردنی شەهیدانی وەک حاجی قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس پیشاندەری ئەم هاوکارییەی ئێرانە، هەر بۆیە بەشی یەکەمی وتارەکەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ئەوە بووە کە تاران بەردەوام لە هێڵی هاوکاریکردنی عێراقدا بووە. خاڵی دووەم پێویستی زاڵبوون وتووێژ و هاوکارییە بە سەر ڕوبەڕوبونەوە و شەڕ و پێکدادان، بە واتای ئەوەی کە دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و لێک تێنەگەیشتنەکان و کێشە و گرفتەکان، کەڵک لە وتووێژ و هاوکاری وەربگیرێت.
دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بە پێویست دادەنرێت
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری کەنداوی فارس لە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: خاڵی سێهەم دابینکردنی ئاسایشی ناوچەی کەنداوی فارس لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوەیە کە ئەمەش بە پێویست دادەنرێت و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەی بەغدا – 2 جەختیکردەوە کە ئاسایش بە بابەتێکی سەرەکی دادەنرێت. هەروەها لە سەر دۆسیەی ناوەکیش ئێران تێڕوانینی خۆیی خستەڕوو.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە لە کۆنگرەی بەغدا – 2 فەڵەستین وەک پرسی سەرەکی جیهانی ئیسلام باس کرا، وتی: ئەو تەوەرانەی کە لە وتارەکەی بەڕێز ئەمیر عەبدوڵڵاهیان باس کران، بەدەر لەوەی کە چوارچێوەیەک بۆ هاوکاری و ستراتیژی ئێران لە ناوچەکە دیاری دەکات، جەختی لە سەر هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە لە سەرجەم کێشە و گرفتەکانی وەک گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کەم ئاوی و ….. دەکردەوە. هەروەها خاڵێکی دیکە کە زۆر گرنگە، ترانزێت و کەڵک وەرگرتنە لە ڕێڕەوە ترانزێتییەکانی باکور و باشور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کە دەتوانێت بگاتە گەشەی ئابوری ناوچەی کەنداوی فارس بە تایبەت عێراق و سەرجەم وڵاتانی ئەم ناوچەیە و تورکیا و دراوسێکانی ڕۆژئاوا کەڵک لەم تایبەتمەندییە وەردەگرن کە ئەمەش بیرۆکەیەکی نوێیە کە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس و سوریا و عێراق و ئێران دەتوانن کەڵک لەمە وەربگرن.
چاوپێکەوتن لە گەڵ شای ئەردەن زۆر گرنگ بوو
عەنایەتی سەبارەت بە بەرنامەکانی شاندەکەی ئێران لە پەراوێزی کۆنگرەی بەغدا – 2 وتی: چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی زۆر گرنگ لە پەراوێزی ئەم کۆنگرەیەدا کرا، بەڕێز ئەمیر عەبدوڵڵاهیان چەندین چاوپێکەوتنی دووقۆڵیی لە گەڵ بەرپرسانی وڵاتانی وەک سعوودیە، کوێت، عۆمان و قەتەر هەبوو و هەروەها دەرفەتی چاوپێکەوتنی دووقۆڵی لە گەڵ مەلیک عەبدوڵڵا شای ئەردەن دابین کرا کە لەو چاوپێکەوتنەدا پەیامی بەڕێز ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕادەستی ناوبراو کرا کە چاوپێکەوتنێکی گرنگ بوو و هەر دوو لا سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان و چالاککردنەوەی دەفرایەتییەکانی نێوان هەر دوو وڵات وتووێژیان کرد.
بەڕێوەبەری کاروباری کەنداوی فارس لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە یەکێک لە دەسکەوتەکانی کۆنگرەی بەغدا – 2 لە ئەردەن، ڕاگەێندراوی کۆتایی بووە، وتی: ڕاگەێندراوی کۆتایی کە لە کۆنگرەی بەغدا بڵاو کرایەوە، پیشاندەری ڕۆڵی گرنگی وڵاتانی ناوچەکە بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لە ڕووی ئاشتی و سەقامگیرییەوە بووە و هەمووان جەختیان لە سەر ئەم بابەتە کردەوە کە ڕۆڵی ئەرێنی و کارای عێراق دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە دابین بکات. لە ڕاستیدا ئەمەش هەمان ئەو تێڕوانینە بوو کە ئێران گەڵاڵەی دەکرد سەبارەت بەوەی کە عێراقی نوێ یەک ڕاستییەکی ناوچەکەیە و دەبێت هاوکاریی ئەم وڵاتە بکرێت تا بتوانێت لە چوارچێوەی ئەو ڕۆڵە کارایە لە ناوچەکەدا بوونی هەبێت و پەیوەندییەکانی ناوچەکەش لە سەر بنەمای هاوکاری و بونیادنانەوەی عێراق بێت.
عێراق دەتوانێت یارمەتیدەری گەشە و ئاوەدانی ناوچەکە بێت
عەنایەتی وتی: بە دڵنیاییەوە کە تواناکانی عێراق دەتوانێت بگاتە گەشە و ئاوەدانی زیاتری ناوچەکە و کاریگەرییەکی بەرامبەر لە نێوان عێراق و ناوچەکە بوونی هەیە و ئێمە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ئێران بەردەوام لە ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی عێراق لە چوارچێوەی دابینکردنی وزە یان پێکەوەبەستنەوەی تۆڕی کارەبای ئەم وڵاتە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لە گەڵ هاوکاری و پاڵپشتی لە عێراق، دەتوانین یەکێک لە دەسکەوتەکانی ئەم کۆنگرەیە، بە کۆبوونەوەی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە ناو ببەین.
گەشەپێدانی ناوچەکە وەک خاڵێکی گرنگ
ناوبراو وتی: ئاشکرایە کە لە کەنداوی فارس لە 4 دەیەی ڕابردوو دامەزراوەیەک بە ناوی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس پێکهێنراوە بەڵام ئەم ئەنجومەنە تەنیا وڵاتانی باشوری کەنداوی فارس لە خۆ دەگرێت و عێراق و ئێران لەو ئەنجومەنەدا نین، ئەو وڵاتانەی کە وەک هاوکاری و بەشداری لە بەغدا و ئەردەن کۆبوونەوە، سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە بوون.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ڕەنگە ئەمە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە بێت کە لە چەندین دەیەی ڕابردوو نموونەی نەبووە و ئێمە هیوادارین کە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی نێوانمان، سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە بتوانن تێڕوانینێکی هاوبەش بخەنەڕوو و پێکەوە بۆ ئاوەدانی ئەم ناوچەیە هەوڵ بدەن.
عەنایەتی وتی: ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە زۆر گرنگە و ئەمەش تەنیا لە ڕێگای هاوکاری هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکەوە مسۆگەر دەبێت.
چاوپێکەوتن لە گەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە
بەڕێوەبەری کاروباری کەنداوی فارس لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: لە پەراوێزی کۆنگرەی بەغدا – 2، چاوپێکەوتنی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە بەڕێوەچوو و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جەختی لە سەر ئامادەیی تاران بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ کردەوە.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە وتەکانی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جەختکردنەوەی لە سەر وتووێژ لە گەڵ تاران و ئەنکەرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی، وتی: ناوچەکەی ئێمە لە ساڵانی ڕابردوو تووشی قەیرانی کەم ئاوی و وشکەساڵی بووەتەوە و هەموومان لەم قەیرانەدا زیانمان پێگەیشتووە، بەڵام سەبارەت بە وتووێژی نێوان ئێران و عێراق، ئێمە پێشتریش ئامادەیی خۆمان بۆ ئەو وتووێژە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی کانوونی یەکەمی ساڵی 1975 سەبارەت بە ڕووبارە سنورییەکان دەربڕیوە./.