شانە نوستووەکانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە بە هۆی هەلومەرجی سیاسیی عێراق کە ڕەنگە تا ڕادەیەکی زۆر وەک هەلومەرجی ساڵی 2014 بێت و هەروەها بە هۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لە ناوخۆی ئەم وڵاتە، جموجوڵەکانیان دەستپێکردووەتەوە.
چالاکییەکانی ئەم دواییەی پاشماوەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش هاوکاتە لە گەڵ هەندێک گۆڕانکاری لە عێراق کە هەنگاوێکە بە ئاراستەی سەقامگیری سیاسی. ئامانجی داعش لە هێرش و جموجوڵەکانی ئەم دواییە، پیلانگێڕی و خوڵقاندنی کێشە و گرفتە بۆ چین و توێژە جیاجیاکانی عێراق.
هەروەها جموجوڵەکانی داعش هاوکاتە لە گەڵ چەند ڕووداوێک وەک دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سودانی کە لە لایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت کورد و سوننەوە پاڵپشتی دەکرێت. حکومەتی عێراق بەنیازی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی داعشە. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی بەغدا ستراتیژێکی نوێی لە پێناو سەقامگیری و بەهێزبوونی سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق گرتووەتەبەر.
عێراقی ئێستا زیاتر لە گرووپە تیرۆریستییەکان، هەڕەشەی دەستێوەردانەکانی ئەمریکای لە سەرە، بوونی داعش و دەستپێکردنەوەی جموجوڵەکانی پەیوەندی بەم دەستێوەردانەی ئەمریکاوە هەیە. تا ئەمریکا مابێت و داعش لە چەند ناوچەیەک بۆ مەرامی سیاسی ئەو وڵاتە بوونی هەبێت، ئەستەمە کە پاشماوەکانی لەناو ببرێن و وەک شانە نوستووەکان ناوە ناوە دەست بە چالاکی دەکەنەوە./.