بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرمانگەی ئاماری ئەورووپا ڕایگەیاندووە کە کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا لە 10 مانگەی ساڵی 2022، 4 ملیار و 328 ملیۆن یۆرۆ بووە.
ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و یەکێتی ئەورووپا لە مانگەکانی کانوونی دووەم تا تشرینی یەکەمی 222 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی لە سەدا 24 گەشەی کردووە. لە 10 مانگەی ساڵی 2021 کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو لا 3 ملیار و 479 ملیۆن یۆرۆ بووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هەناردەی یەکێتی ئەورووپا لە 10 مانگەی ساڵی 2022 بە گەشەی لە سەدا 25 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی، لە 2 ملیار و 753 ملیۆن یۆرۆ لە مانگی کانوونی دووەم تا تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 گەیشتە 3 ملیار و 444 ملیۆن یۆرۆ لە ماوەی هاوشێوەی ئەمساڵ.
هاوردەی یەکێتی ئەورووپا لە ئێران لە مانگی کانوونی دووەم تا تشرینی یەکەمی 2022 لە سەدا 22 گەشەی کردووە و گەیشتە 884 ملیۆن یۆرۆ. یەکێتی ئەورووپا لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2021 بە گشتی 726 ملیۆن یۆرۆ کاڵای لە ئێران هاوردە کردبوو.
ئەڵمانیا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێران لە نێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا لە 10 مانگی ساڵی 2022 بووە. ئاڵوگۆڕەکانی نێوان هەر دوو وڵات لەم ماوەیەدا لە سەدا 15 گەشەی کرد و بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی گەیشتە یەک ملیار و 600 ملیۆن یۆرۆ.
ئەڵمانیا لە 10 مانگەی ساڵی 2022 یەک ملیار و 365 ملیۆن یۆرۆ کاڵای هەناردەی ئێران کرد و تەنیا 235 ملیۆن یۆرۆ کاڵای لەم وڵاتە هاوردە کردووە.
ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە ڕێژەی یەک ملیار و 130 ملیۆن یۆرۆ لە بەرژەوەندی ئەڵمانیادا بووە کە بەم پێیەش، بڕیارەکەی ئەم دواییەی بەرلین بۆ سنوردارکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە گەڵ ئێران، زیاتر لەوەی کە زیان بە ئێران بگەێنێت، لە زیانی کەرتی ئابوریی ئەو وڵاتەدا تەواو دەبێت./.