بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆزپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ئەردەن و بەشداریی لە کۆنگرەی بەغدا – 2 ڕایگەیاند: من وەک ڕێکخەر، درێژە بە هەوڵەکانم بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی بە پێی دانوستانەکانی ڤیەننا دەدەم.
ناوبراو وتی: لەم چوارچێوەیەدا لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران وتووێژم کردووە و جەختم لەوەش کردووەتەوە کە گەڕانەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی لەم بۆشاییە ستراتیژییەدا ڕوو نادات.
بۆرێڵ دیسانەوە بە زمانی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێرانەوە قسەی کرد و ڕایگەیاند کە تاران دەبێت لە جێی سەرکوتکردنی ناڕەزاییەکان، گوێ لە هاووڵاتیانی بگرێت، واز لە ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ شەڕی ئۆکرانیا بێنێت و لە سەر ئەم تەوەرەش پێویستە وەزیری دەرەوەی ئێران لە گەڵ هاوتاکەی لە ئۆکرانیا کۆببێتەوە.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە پایتەختی ئەردەن لە گەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە./.