بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی Türkiye Gazetesi ی تورکیا ڕایگەیاندووە کە جەهەپە لە نامەیەکدا بۆ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا، بەڵێنی داوە کە ئەگەر بگەنە دەسەڵات، پاشەکشە بە سەرجەم هێزەکانی تورکیا لە سوریا دەکەین و داوکارییەکانی دیمەشق مسۆگەر دەکەین و لە ڕووی داراییشەوە قەرەبووی دەکەینەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، جەهەپە هەوڵ دەدات لە گەڵ هاوپەیمانی شەش قۆڵی، کۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و بەشار ئەسەد تێک بدات.
نەیارەکانی ئەردۆغان کە لە شەش پارتی سیاسی پێکهاتوون، لە 5 مانگی ڕابردوو حەوت داوای کۆبوونەوەیان ئاراستەی سەرۆک کۆماری سوریا کردووە.
ڕۆژنامەی Türkiye Gazetesi ی تورکیا ڕایگەیاندووە کە دەستی بە هەندێک زانیاری گەیشتووە کە پیشان دەدات حەسەن ئاک گوڵ و محەممەد گوزاڵ مەنسور لە پارتی گەلی کۆماری لە ڕێگای حزبی بەعسی سوریاوە نامەیان بۆ بەشار ئەسەد ناردووە.
لەو نامەیەدا هاتووە کە ڕۆژانی حکومەتەکەی ئەردۆغان لە کۆتایی نزیک بووەتەوە و هەر کۆبوونەوەیەک لە گەڵ ناوبراو کاریگەری لە سەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دادەنێت، بەم هۆیەوە بەڵێن دەدەین کاتێک بە دەسەڵات بگەین، سەرجەم هێزەکانمان لە سوریا بە تایبەت لە ئیدلب دەکشێنینەوە و داواکارییەکانی دیمەشق بە تایبەت لە ڕووی قەرەبووی داراییەوە مسۆگەر دەکەین./.