بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڤلۆدۆمیر زیلینسکی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا ئەمڕۆ پێنج شەممە 22 ی کانوونی یەکەمی 2022 پاش کۆبوونەوەی لە گەڵ جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا، سەردانی کۆنگرێسی کرد.
زیلینسکی لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە ئۆکرانیا سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و گرفتەی بەرۆکی گرتووە، خۆڕاگری دەکات، بۆ سەرکەوتن لە بەرامبەر ڕووسیا ئەوەی لە توانادایە جێبەجێی دەکەین، شەڕی ئێستا تەنیا بۆ ئۆکرانیا و ئەورووپا نییە بەڵکوو لە سەر داهاتووی دیمۆکراسی و بەرگری لە ئازادیی خەڵکە.
سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا وتی: سەرەڕای بۆردومانە بەردەوامەکان، هێزەکانی ئۆکرانیا خۆیان بە دەستەوە نادەن و درێژە بە بەرگری لە وڵاتەکەیان دەدەن.
ناوبراو وتی: هاوکارییە داراییەکان بۆ ئێمە گرنگە و ئەمریکا و ئەندامانی کۆنگرێس دەتوانن لەم ڕێگایەوە سەرکەوتنی ئێمە لەم شەڕەدا خێراتر بکەن.
سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا بە ئاماژە بە کێشە و گرفتەکانی وڵاتەکەی، وتی کە شەڕی ئێستا لە دژی ڕووسیا بۆ بەرگرییە لە تەواوی ئەورووپا./.