بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی وتارێکی لە کۆنگرەی بەغدا – 2 وتی: بیرۆکەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی بەغدا – 2 بۆ هەوڵەکانی عێراق لە پێناو دابینکردن و پتەوکردنی بنەماکانی هاوکاتی و هاوبەشی لە گەڵ وڵاتانی دۆست و دراوسێ دەگەڕێتەوە.
ناوبراو وتی: هیوادارین پەیوەندییەکان بە ئاراستەیەکدا ببەین کە هاوکاری نێوان وڵاتانی ناوچەکە لە سەرجەم بوارەکاندا بەهێزتر ببێت و کەشێکی گونجاویش بۆ وتووێژ و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا بڕەخسێنین.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: ئێمە لەو بڕوایەداین کە بابەتی گرنگ لە ئێستادا پتەوکردنی بنەماکانی هاوکاری و هاوبەشی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت وڵاتانی دراوسێیە لە ڕێگای پەیوەندی بەرامبەر لە بواری ئابوری و سەرمایەگوزاری، هەروەها هەوڵ دەدەین کە لە ڕێگای کردنەوەی ناوچە پیشەسازییە هاوبەشەکانەوە ببینە وڵاتێکی گەشەسەندوو لە بواری پیشەسازیدا.
محەممەد شیاع سودانی وتی: ئەوەش قبووڵ ناکەین کە هێرش بکرێتە سەر عێراق و بە هەمان شێوە موڵەتی ئەوەش نادەین خاکی عێراق بکرێتە سەرچاوەی هەڕەشە و هێرش لە سەر وڵاتانی دراوسێ. ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەوڵی وتووێژ و لێک تێگەیشتن بدەین./.