بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەیدەر عەسفور شارەزای سیاسی و ئابوریی عێراق لە شرۆڤەی دۆسیەی گەندەڵییە گەورەکەی ئەم وڵاتە و ڕۆڵی بەرپرسانی باڵای حکومەتەکەی مستەفا کازمی لەو دۆسیەدا وتی: گەندەڵی لە عێراق بابەتێکی نوێ نییە، سەرجەم کابینەکانی ڕابردوو بە جۆرێک لەم کێشەیەدا پشکیان هەیە و ئەمەش کاریگەری زۆر نەرێنیی لە سەر کەرتی ئابوری، ژێرخانەکان، وزە و هەڵهاتنی سەرمایەدارەکان هەبووە، بەڵام ئەوەی کە حکومەتەکەی مستەفا کازمی لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە، پشتگوێ خستن و وەلاوەنانی ڕێکەوتنی عێراق لە گەڵ چین بوو، ڕێکەوتنێک کە دەکرا ڕێخۆشکەری ڕێکەوتنی عێراق و وڵاتانی وەک میسر، ئەردەن و لوبنان بۆ هەناردەی نەوت بێت.
ناوبراو وتی: خاڵی جیاوازی دیکەی حکومەتەکەی مستەفا کازمی لەو گەندەڵییانەدا ڕێکەوتنی پەرەپێدانی هێڵی بۆری نەوتی خاو بۆ عەقبە بوو کە تێچوویەکی زۆری بە سەر گەلی عێراقدا دەسەپاند، بەدەر لەوەش ئەردەن لە ڕێگای جۆربەجۆرەوە بەدەرەکانی خۆیی دەکردە شوێنگرەوەی بەندەری بەسرە و لە ڕێگای کۆمپانیا گەورەکانەوە سوودی زیاتری لێ دەبینی.
ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە وتی: سەبارەت بەو دۆسیەی کە بە دزی سەدە ناسراوە، دەبێت بوترێت کە ئەمە ئەو دزییە بووە کە لە دوو دەیەی ڕابردوو لە سەرجەم حکومەتەکاندا هەبووە و بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام میدیا سیاسییەکان ئەمەیان گەورە کردووە.
حەیدەر عەسفور سەبارەت بەوەی کە محەممەد شیاع سودانی چۆن لە گەڵ ئەم دۆسیەدا هەڵسووکەوت دەکات، وتی: حکومەتی سودانی گۆڕانکارییەکی زۆری کردووە و ئەوانەی کە ڕۆڵیان لە گەندەڵیدا هەبووە لە پۆستەکانیان دوور خستووەتەوە بەڵام هێشتا ڕەوتی گەندەڵی و ئەو میکانیزمانەی کە دەبنە هۆیکاری گەندەڵی بەلاوە نەراون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق پێویستی بە ڕیشەکێشکردنی ڕاستەقینەی گەندەڵی هەیە، لە پەسەندکردنی یاسای تایبەت تا گەڕاندنەوەی پارە و داراییە دزراوەکان لە دەرەوەی وڵات و هەروەها لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە لە حکومەتەکانی ڕابردوودا پۆستەکانیان بۆ گەندەڵی و تاڵانکردنی سامانی وڵات بەکار هێناوە.
ناوبراو وتی: بەشێک لە گەندەڵی ئاشکرای حکومەتەکەی کازمی پەیوەندی بە تێچووی گواستنەوەی نەوتەوە هەیە، دەبێت بزانین کە گواستنەوەی نەوت لە ڕێگای بەرمیلەوە کە لە ئێستادا دەکرێت، 10 سەنت یان یەک لە سەر دەی دۆلارێکە بەڵام لە حکومەتەکەی کازمیدا لە ڕێگای هێڵی بۆڕی بەسرە بۆ عەقبە دەگوازرایەوە کە تێچووەکەی 5 و نیو دۆلار بووە و ئەمەش 55 هێندە زیاتر تێچووی بە سەر عێراقدا دەسەپاند، بەدەر لەمەش 18 ملیار دۆلار تێچووی بۆرییەکانە کە عێراق بەو هۆیەوە 20 ساڵ قەرزدار دەبێت./.