بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا و هەڵوێستی دوژمنانەی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی، ئەمڕۆ پێنج شەممە 15 ی کانوونی یەکەمی 2022 بەیاننامەیەکی لە 11 بڕگەدا بڵاو کردەوە.
لە یەکێک لە بڕگەکانی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە کە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ وەک هەمیشە ماوەتەوە و لە زۆر بواری وەک مافی خوێندنی ژنان، یەکسانی ماف و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لە دەسەڵاتە پێشڕەوەکانە.
لە بڕگەی دووەمی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەکارهێنانی مافی مرۆڤ وەک ئامرازی سیاسیی گەیشتنی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بە ئامانجەکانیان و پەیرەوکردنی سیاسەتی دووفاقی لە بواری مافی مرۆڤ لە لایەن ئەو وڵاتانەوە ئیدانە دەکات، ئەو وڵاتانەی کە لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافی فەڵەستینییەکان لە لایەن ڕژێمی تاوانبار و منداڵکوژی زایۆنیستییەوە ئیدانە دەکات و بەم پێیەش ئەو وڵاتانە لە پێگەیەکی ئەخلاقی و یاساییدا نین کە بتوانن لە سەر مافی مرۆڤ دژی وڵاتانی دیکە بڕیار بدەن.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە کە هەڵوێستی نەگۆڕی تاران لە قەیرانی ئۆکرانیا، پاڵپشتییە لە یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە و کۆتایی هێنان بەم قەیرانە بە ڕێگاچارەی سیاسی، وەک چۆن کە بەردەوام لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە جەخت کراوەتەوە، ئێمە هیچ درۆنێکمان بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی ئۆکرانیا بە هیچ لایەنێک نەداوە و سەرجەم هاوکارییەکانی ئێران و وڵاتانی دیکە لە بواری بەرگری و سەربازیدا بە پێی یاسای نێودەوڵەتی بووە./.