بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە دوو نامەی جیادا بۆ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، وردەکاری دزی و تاڵانکردنی نەوت و گەنمی ئەم وڵاتەی لە لایەن داگیرکەرانی ئەمریکاوە خستووەتەڕوو.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا بە گشتی نزیکەی 111 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار زیانی بە کەرتی نەوتی ئەم وڵاتە گەیاندووە.
لە نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوریادا هاتووە: لە ئەنجامی دەسدرێژی و داگیرکاری ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئەمریکا و میلیشیاکانی سەر بەوان، سوریا نزیکەی 25 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە و زیانی ناڕاستەوخۆش زیاتر لە 86 ملیار دۆلار بووە کە بە گشتی زیانەکان لە کەرتی نەوت گەیشتووەتە 111 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار.
بە شکستی گرووپی تیرۆریستی داعش وەک باڵی سەربازیی ئەمریکا لە سوریا، هێزەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ شوێنی ئەو گرووپەیان گرتووەتەوە و تاڵانکردنی نەوتی سوریایان وەک کاری سەرەکی خۆیان هەڵبژاردووە.
ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا لە لایەن ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیمۆکرات ناسراو بە هەسەدە لە حەسەکە و ناوچەکانی دیکەی باکوری ئەم وڵاتە، بەردەوام شوێنی ناڕەزایەتی خەڵکە بەرامبەر بە ئامادەبوونی تیرۆریستانی داگیرکەر و میلیشیاکانی سەر بەوان.
حکومەتی سوریا بەردەوام جەختیکردووەتەوە کە ئەو میلیشیانە و هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامانجێکیان بەدەر لە تاڵانکردنی نەوت نییە و بوونی ئەوان نایاساییە./.