بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد کازم ئالی سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا لە چاوپێکەوتنی خالید شوانی وەزیری دادی عێراق کە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەچوو، وێڕای پیرۆزبایی هەڵبژاردنی ناوبراو بۆ ئەم پۆستە، جەختیکردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران عێراقێکی بەهێز، سەربەخۆ و پێشکەوتووی دەوێت و ئامادەی هەر هاوکارییەک دەبێت بۆ گەیشتنی عێراق بەم ئامانجە.
ئالی سادق هیوای ئەوەی خواست کە ئاستی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و عێراق بەرزتر ببێتەوە و ئامادەیی تارانی بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ڕاگەیاند.
وەزیری دادی عێراقیش وێڕای دەستخۆشی لە هاوکارییەکانی گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قۆناغە جیاجیاکان، جەختیکردەوە کە هەوڵی زیاترکردنی هاوکارییەکان و بەرزترکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان دەدات.
خالید شوانی وتی کە هەوڵ دەدەین سەرجەم ڕێکەوتنەکان لە نێوان وەزارەتەکانی دادی هەر دوو وڵات بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە./.