بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 14 ی کانوونی یەکەمی 2022 لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی شەهید حاجی قاسم سولێمانی، وتی: بێگومان چەند قۆناغێک لە مێژووی وڵاتاندا هەیە کە بە تێپەڕبوونی کات تەواو نابن و ئەو ڕەوت و ڕووداوانە هێندە گەورەن کە لە ناو کۆمەڵگادا دەبنە شوناسێکی هەمیشەیی.
ناوبراو وتی: ئەو ڕووداوانە هێندە کاریگەر و خاوەن کاریگەری هەمیشەیین کە بەرە بەرە دەبنە ڕاستییەکی پڕ لە شانازی، وەک ڕووداوی عاشورا کە ئەگەرچی لە کات و جوگرافییەکی کورت و سنورداردا بووە بەڵام ئاسەوار و کاریگەری مەعنەوی و داهێنەرەکەی سەدان ساڵە کە ئازادیخوازەکانی جیهان و دۆستانی ئالوبەیت (ع) ی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە و هاندەری کەلتورێکی تایبەتە کە توانای گۆڕانکاری گەورەی لە جیهاندا هەیە.
فەریق سەلامی وتی: بەرەڤانی پیرۆزیش لەو 8 ساڵەدا نەمایەوە، لە بەر ئەوەی کە لە گەڵ هیچ شەڕێکدا بەراورد ناکرێت و نموونەی لێ وەرنەگیراوە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران وتی: هیچ وڵاتێک لە مێژووی خۆی دانابڕێت، ئایا تاڵانکردنی نەوتی ئێمە لە لایەن بەریتانییەکانەوە یان داگیرکردنی وڵاتمان لەبیر دەکرێت؟ ئایا خەونەکانی ئەمڕۆی بەریتانییەکان یان سیاسەتمەدارانی ئەوان، هەمان سیاسەت و چرچیلەکانی ئەو ڕۆژە نییە؟ ئەگەر گەنجانی ئێمە لە مێژوو بزانن دەتوانن نەکەونە ژێر کاریگەری ئەوانەوە.
فەریق سەلامی بە ئاماژە بەوەی کە ئەگەر کەسێک سەد ساڵەی دەستێوەردانی ئەمریکا لە ئێران بزانێت لەوە تێدەگات کە سەرۆک کۆماری ئەمڕۆی ئەو وڵاتە هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ کارتر و نیکسۆن و ئەوانی دیکە نییە، وتی: مێژوو بۆ تێگەیشتنی ئەمڕۆیە و لەم ڕوانگەوە بەرەڤانی پیرۆز و دوژمنانی ئەو ڕۆژە و بیرکردنەوەیان هێشتا ماوەتەوە و بە خوێندنەوەی بەرەڤانی پیرۆز دەتوانین لەوە تێبگەین کە کێن ئەوانەی هەوڵی سڕینەوەی ئێرانی ئازیزمان دەدەن.
ناوبراو وتی: کاری ئێمە لە گەڵ دوژمنان کۆتایی نەهاتووە و ئەوان هێشتا ماون بەڵام هێزیان کەم بووەتەوە و ئێمە لە هەلومەرجێکی زۆر باشداین بۆ کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی سەردەمی بەرەڤانی پیرۆز.
فەریق حوسێن سەلامی وتی: خەڵکی ئێمە درێژەپێدەری هەمان جیلی شەڕن و هەمان شەڕ دووبارە بووەتەوە، دوژمنێک کە بەدەر لە زمانی شەڕ لە هیچ تێناگات بەڵام خەڵکی ئێمە بە هەمان ورە و متمانە بە خۆ و خۆڕاگری و پشوودرێژی، ڕاوەستاون و لەم شەڕەدا دوژمن سەرجەم ئامرازەکانی بەکار هێناوە، لە شەڕی کەلتوری و ڕۆشنبیری تا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام کاریگەری بەرچاوی نابێت لە بەر ئەوەی کە گەلی ئێمە ڕیشەی لە ساڵانی بەرەڤانی پیرۆزدا هەیە./.