بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی عبری زمانی مەعاریۆ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئاهەنگ و شایی یاریزانان و لایەنگرانی هەڵبژاردەی نیشتمانیی مەغریب لە میانەی یارییەکانی مۆندیالی 2022 ی قەتەر، ئەوەی سەلماند کە جیهانی عەرەب هێشتا لە گەڵ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیسرائیل مەودایەکی زۆری هەیە.
ئەو ڕۆژنامەیە ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا ڕاستییەکی تاڵ دەبینرێت کە لایەنگرانی تۆپی پێ لە وڵاتانی عەرەبی لە بەرچاوی ئێمەدان و مۆندیالی قەتەر بووەتە شوێنی یەکگرتوویی لە گەڵ فەڵەستینییەکان.
مەعاریۆ ڕایگەیاند کە شایی و ئاهەنگی مەغریبییەکان بە ئاڵای فەڵەستین پاش سەرکەوتنەکانی لە بەرامبەر هەڵبژاردەکانی وەک ئیسپانیا و پۆرتۆگال، وەک چقڵی چاوی ئیسرائیلییەکان (زایۆنیستەکان) بووە.
ئەو ڕۆژنامەیە ڕایگەیاندووە کە بە لای هەندێکەوە وا بوو کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان تا ڕادەیەک دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی هەڵوێستی عەرەبەکان لە بەرامبەر تەل ئەبیب، بەڵام مۆندیالی قەتەر یەکگرتوویی جیهانی عەرەب و پاڵپشتی ئەوانی لە دۆسیەی فەڵەستین زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ڕوونتر کردەوە./.