بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامارەکەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی پەیامنێران لە کانوونی دووەم تا کانوونی یەکەمی 2022 پیشان دەدات کە 67 پەیامنێر لەم ماوەیەدا کوژراون و 357 پەیامنێری دیکەش لە وڵاتانی جیهان دەستبەسەر کراون.
ئامارەکە پیشاندەری بەرزبوونەوەی ژمارەی پەیامنێرە کوژراوەکانە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. لە ساڵی ڕابردوو تەنیا 47 حاڵەتی کوشتنی پەیامنێران تۆمار کراوە، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2022، کوشتنی پەیامنێران بە مردنی 12 پەیامنێر لە ئۆکرانیا دەستیپێکرد، لە درێژەدا تا مانگی کانوونی یەکەم، 11 حاڵەت لە مەکزیک، 6 حاڵەتی لە هائیتی، 5 حاڵەت لە پاکستان و 4 حاڵەت لە فیلیپین تۆمار کرا. لەم ڕاپۆرتەدا کوژرانی شیرین ئەبوعاقڵە پەیامنێری کەناڵی جزیرەی قەتەر کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە فەڵەستین کوژرا، وەک کوشتنی پەیامنێران هەژماە کراوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە ژمارەی پەیامنێرە کوژراوەکان لە وڵاتانی دیکە نەداوە و تەنیا ئەو وڵاتانە زیاترین حاڵەتیان هەبووە، ناویان هاتووە.
بە پێی ئامارەکانی ناوەندی پەیامنێرانی ئەفغانستان، لە کاتی بە دەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان لەم وڵاتە لانیکەم 245 حاڵەتی هەڕەشە، دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەی پەیامنێران تۆمار کراوە. ناوەندەکە هەروەها کوژرانی 6 پەیامنێری تا مانگی ئابی 2022 پشتڕاست کردووەتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هەرچەندە هیچ ئاماژەیەک بە پەیامنێرانی زیندانی لە ئەفغانستان نەدراوە، بەڵام 357 حاڵەتی گرتن و زیندانیکردنی پەیامنێران لە وڵاتانی جیهاندا تۆمار کراوە کە چین بە 84 حاڵەت لە پلەی یەکەمی جیهاندایە./.