بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆشکی ئاپادانا لە شاری مێژوویی شوش لە پارێزگای خوزستانە و یەکێک لە کۆنترین شوێنەکانی نیشتەجێبوونە لە سەر ئاستی جیهان، ئەم پارێزگایە بینای کۆن و مێژوویی زۆری لە خۆیدا شوێن کردووەتەوە. کۆشکی ئاپادانا یەکێک لە شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی پارێزگای خوزستانە کە لە قەڵای شوشدایە و لە گەڕانەکانی ساڵی 1311 تا 1314 لەو شارەدا ئاسەوارەکەی کەوتە دەرەوە و دۆزرایەوە. نزیکەی 70 ساڵ پاش ئەوەش ئەم کۆشکە بە ژمارە 3981 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کرا و لە ساڵی 2015 لە سەر ئاستی جیهانیش تۆمار کرا.
کۆشکی ئاپادانا بناسین
شوش لە شارە مێژوویی و کۆنەکانی ئێرانە کە شارستانیەتێکی هەزاران ساڵەی هەیە. کۆشکی ئاپادانا وەک بینایەکی مێژوویی، نموونەیەک لە شارستانیەتی کۆنی ئێرانە، وەک ئاماژە درا مێژووی ئەم کۆشکە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی هەخامەنشییەکان دەگەڕێتەوە. بە پێی بەڵگە مێژووییەکان شوش لە گرنگترین شارە مێژووییەکانی ئێران و جیهان بووە. شاری شوش لە مەودای 40 کیلۆمەتری شاری ئەندیمشک لە پارێزگای خوزستانە. گەڕانەکان و توێژینەوەکانی ئاسەوارناسەکان پیشان دەدات کە ئەم ناوچەکە لە 9 هەزار ساڵ پێش زائین شوێنی نیشتەجێبوونی جوتیاران بووە و 5 هەزار ساڵ پێش زائین خەڵکی ئەم شوێنە لە قەڵاکاندا ژیانیان بە سەر دەبرد. بە پێی بەڵگە بەجێماوەکان، لە شاری شوش لە 4 هەزار ساڵی پێشەوە ژیانی شاری هەبووە. گرنگی شوش بە ڕادەیەکە کە ئاسەوارناسەکان هێشتا توێژینەوەی لە سەر دەکەن تا گۆشەیەکی دیکە لە مێژوو و کەلتوری ئێرانی بدۆزنەوە.
مێژووی کۆشکی ئاپادانا
مێژووی کۆشکی ئاپادانا بۆ ساڵانی 515 تا 521 ی پێش زائین دەگەڕێتەوە. کۆشکی ئاپادانا لە سەر فەرمانی داریوشی گەورە، شای هەخامەنشی، لە سەدەی 6 ی پێش زائین، لە سەر پاشماوەکانی شارستانیەتی عیلامییەکان درووست کرا. شارستانیەتی عیلامییەکان لە شوش لە ڕیزی یەکەم شارستانیەتە ناسراوەکانی جیهاندا بووە کە ئەمەش گرنگی شوش لە ڕووی مێژووییەوە زیاتر دەکات. ئەم کۆشکە لە ڕاستیدا کۆشکی زستانەی پاشاکانی هەخامەنشی بووە کە چەندین یەکەی جۆربەجۆری وەک هۆڵی گشتی، حەرەمسەرا، دەروازە و کۆشکی پێشوازی و سێ حەوشەی سەرەکی هەبووە.
بە پێی ئەوەی کە ڕوون بووەتەوە، لە شارستانیەتی کۆنەوە بەو بینایانەی کە وەها هۆڵ و تایبەتمەندییەکیان هەبووە، ئاپادانا وتراوە. ئاپادانا لە ڕاستیدا جۆرێک تەلاری ئەستووندار لە ئێرانی کۆن بووە. داریوشی هەخامەنشی لە ساڵی 522 ی پێش زائین گەیشتە دەسەڵات و لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە نەیارەکانی لە سەر ڕێی لا ببات و ئارامیی بۆ وڵات گەڕاندەوە. داریوش وڵاتی زۆری کۆنتڕۆڵ کردبوو و بۆ ئەمەش هەوڵی دەدا هەموو ئەو وڵاتانە بە سیاسەتێکی تایبەت بەڕێوە ببات. ناوبراو بۆ ئەم ئیمپراتۆریەتە گەورەیە پێویستی بە شوێنێک وەک ناوەندی حکومەتی هەخامەنشی هەبوو، ناوچە کۆنتڕۆڵ کراوەکانی داریوشی هەخامەنشی نزیکەی 30 وڵات یان ویلایەت بووە بەڵام ناوبراو گرنگیی بە چەند ناوچەیەک دەدا و دەتوانین ئاماژە بە شاری پارسە یان تەختی جەمشیدی ئەمڕۆ، هەمەدان، بابل و شوش بدەین.
داریوشی هەخامەنشی بۆ هەر یەک لەم ناوەندانە کۆشکێکی گەورەی درووست کرد کە هەموویان لە سەر یەک شێوازی بیناسازی درووست کراون بەڵام لە وردەکارییەکاندا جیاوازییان هەبووە.
لە کاتی گەڕانەکان لە شوێنی ئەم کۆشکەدا بەردەنووسێک دۆزرایەوە کە بۆ سەردەمی داریوشی هەخامەنشی دەگەڕێتەوە.
لە ساڵی 1849 گەڕانێکی زۆر لە شوێنی پاشماوەکانی شوش ئەنجام درا کە ئاسەواری گرنگ و سەرسوڕهێنەری لە سەدە جیاجیاکانی ئێران بە تایبەت لە سەردەمی هەخامەنشییەکان، حکومەتی ساسانییەکان، سەردەمی عیلامییەکان، سەردەمیئیسلامی و ….. لێی دۆزراوەتەوە. ئێستا چەندین ژێر ئەستوون لە شوێنەکەدا ماوەتەوە و زۆربەی کەلوپەلە دۆزراوەکانی لە مۆزەخانەکانی فەرەنسایە.
بیناسازیی کۆشکی ئاپادانا
کۆشکی ئاپادانا 6 حەوشەی هەیە کە سێ لەوان زۆر گەورەن و لە بەشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کۆشکەکەدان. بەشی ناوەوەی کۆشکەکە بە ڕێڕەوێک بە بەشی باکورەوە دەبەسترێتەوە، سێ حەوشەی بچووکتریش لە بەشی باکوری کۆشکەکەدان. لە گەورەترین حەوشەی ئەم کۆشکە لە بەشی ڕۆژهەڵات، چەندین کون بوونی هەیە کە شوێنی دانانی ئاڵاکان بووە. ئاسەوارناسەکان لەو بڕوایەدان کە ئەم حەوشەیە بۆ کاروباری سەربازی بەکار هێنراوە یان شوێنی ڕیزبەستن و گردبوونەوەی پاسەوانەکانی کۆشکەکە بووە. فەرەنسییەکان لە گەڕانەکانیان لە ساڵی 1351 ی کۆچی هەتاوی دەروازەی سەرەکی کۆشکەکەیان لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە دۆزییەوە. لە بەشی ڕۆژئاواش دەروازەی چوونە دەرەوەی کۆشکەکە بووە. بە پێی وتەی ئاسەوارناسەکان، لە ڕابردوودا پەیکەری داریوشی هەخامەنشی لە بەشی چەپی دەروازەکە و پەیکەری خەشایارشا لە بەشی ڕاستی ئەودا بووە.
ڕووخان و ئاوەدانکردنەوەی کۆشکی ئاپادانا
یەکێک لە ئاڵۆزترین بابەتەکان لە سەر کۆشکەکانی هەخامەنشیی شوش، مێژوو و هۆکاری ڕووخانەکانی بووە. شاندی ئاسەوارناسەکانی شوش بە سەرپەرشتی ژان پیرۆ بەو ئەنجامە گەیشت کە کۆشکەکە بە ڕووداوی سرووشتی لەناو چووە. چەندین هۆکاری وەک گەورەبوونی کۆشکەکە، لاوازبوونی بیناکە، کەڵک وەرگرتن لە خشت و جێهێشتنی لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی هەخامەنشییەکان بۆ لەناوچوونی ئاپادانا باس کراوە. چەند سەرچاوەیەکی مێژووییش باس لەوە دەکەن کە شوش بە شێوازی ئاشتیانە ڕادەستی ئەسکەندەر و سوپاکەی کراوە. تەنانەت لە سەردەمی هەخامەنشی چەندین بەشی کۆشکەکە زیانی پێگەیشت و کێشەکەی چارەسەر کرابوو. نۆژەنکردنەوەی کۆشکەکە لە ساڵانی ڕابردووش بە پێی هەلومەرجی جوگرافی ناوچەکە سەر لە نوێ زیانی پێگەیشتووە./.