بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەڵای چالشتەر ناسراو بە قەڵای خودا ڕەحم خان لە شاری چالشتەردایە. شاری چالشتەر لە سەردەمی حکومەتی سەفەوییەکان ناوەندی چوارمەحاڵ بووە. بەم بۆنەوە قەڵایەک بۆ دەسەڵاتداری چوارمەحاڵ درووست کرا تا لەو قەڵایەدا حوکمڕانیی خۆی بکات. پاشان قەڵاکەی سەردەمی سەفەوییەکان لە ناو چوو و لە سەردەمی قاجاڕەکان قەڵای چالشتەر لە شوێنی درووست کرا. مێژووی قەڵای چالشتەر بۆ سەردەمی قاجاڕەکان دەگەڕێتەوە، ئەم قەڵایە وەک خانووی خان هەژمار دەکرێت و چوار دەروازەی هەبووە، لە کۆنەوە دەروازەکانیان دادەخست تا ئاسایشی قەڵاکە پارێزراو بێت، قەڵای چالشتەر تێکەڵاوێکە لە بیناسازیی ئێرانی و ئەورووپی.
بیناسازیی قەڵای چالشتەر هاوشێوەی بیناکانی سەردەمی قاجاڕە، سەرەڕای ئەوەی کە شێوازی بیناسازیی ئێرانیی سەردەمی قاجار لەم بینایەدا دەبینرێت بەڵام چەشنێک لە تێکەڵاویی بیناسازیی ئێرانی – ئەورووپیشی تێدایە.
دەروازەکان و سەردەرگاکانی قەڵای چالشتەر نەماون، تاوەر و شوێنە سەرەکییەکانی لە خشت درووست کراوە. بە پێی توێژینەوەکان لەم شوێنە مێژووییەدا، ژوورەکانی قەڵای چالشتەر بە نیگارکێشیی ئەورووپی ڕازاوەتەوە، ئەم شێوازەش لە سەردەمی قاجاڕ گەیشتە لوتکەی خۆی. لەم قەڵایەدا چەندین وێنەی وەک لەیلێ و مەجنون، یوسف و زولێخا و هەروەها چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆز دەبینرێن.
قەڵاکە پێنج هەیوان و پێنج ژووری هەیە و بە گشتی 40 ئەستوونیان هەیە. لەم قەڵایەدا گەرماوێکی مێژوویی هەیە و ئەمڕۆ بووەتە مۆزەخانەیەک کە بەسەرکردنەوەی ڕۆڵی گرنگی لە ئاشنابوون بە مێژوو و کەلتوری خەڵکی ناوچەکەوە هەیە./.