بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممە 8 ی کانوونی یەکەمی 2022، لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرینی شەهیدانی ڕێگای بەرگری لە ئاسایش و سەقامگیری وڵات، بە ئاماژە بە شکستی دوژمنان لە شەڕی هەشت ساڵە و هەروەها بە ئاکام نەگەیشتنی پیلانەکانی چل ساڵی ڕابردووی ئەوان، ڕایگەیاند: دوژمنان هەوڵی ئەوەیان دەدا لە شەڕی هەمەلایەنە و پیلانگێڕیی نوێ، پیرۆزییەکان، شۆڕشی ئیسلامی و خەڵک بکەنە ئامانجی هێرشەکانیان بەڵام ڕۆڵە گیان لە سەر دەستەکانی نیشتمانی ئێران لە بەرامبەر ئەواندا ڕاوەستان.
ناوبراو وتی: هەوڵی ئەوەیان دەدا ئەو پیلانەی کە لە وڵاتانی دیکە جێبەجێیان کردبوو، لە ئێرانی ئیسلامیش بە درووشمی بێ بنەما و فریودەر جێبەجێی بکەن، بێ ئاگا لەوەی کە لێرە پیاوان، ژنان و گەنجانی تێکۆشەر هەیە کە بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرگرییان لە شۆڕشی ئیسلامی، پیرۆزییەکان و نیشتمانی خۆیان کرد.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: دوژمنان لەم ڕووداوانەدا وەک داعش هێرشیان دەکردە سەر خەڵک و شۆڕشی ئیسلامی و ئەمڕۆ ئەگەر دۆخی شارەکانی ئێمە ئارامە، بەرهەمی خوێنی ئو گەنجە ئازیزانەیە کە لە بەرامبەر هێرشی ئاژاوەگێڕان ڕاوەستان، ئەگەرچی خەمی لەدەستدانی ئەوان خەمێکی قورسە بەڵام دەسکەوتی خوێنی ئەوان بێهیواکردنی دوژمنان بووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمڕۆ ئیمپراتۆریەتی میدیایی دوژمنان بە هەموو هێزێکەوە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و پێچەوانەکردنی ڕاستییەکان هەوڵ دەدات، دوژمنان درووشمی ئازادی و ژیان دەڵێنەوە و لەو لاشەوە بەکرێگیراوەکانیان لە کردەوە تیرۆریستییەکەی شیراز گیانی منداڵێکی دە ساڵە و دایک و باوکەکەی دەگرن.
ناوبراو وتی: ئەمریکا لە ئەفغانستان بانگەشەی دیمۆکراسیی دەکرد بەڵام بەرهەمی هێرشەکانی ئەو وڵآتە 35 هەزار منداڵی کەم ئەندامە و ڕووخانی ئەفغانستان و کوژرانی سەدان هەزار کەس، دیسانەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێمە ژیان دەبەخشین. ژیانتان بە خەڵکی کام وڵات بەخشیوە کە وەها بانگەشەیەک دەکەن؟/.