بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەوتی سوریا لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە تاڵان دەکرێت و لە ڕێگاتی قاچاخەوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە ئێستادا نەک تەنیا بەرپرسانی سوریا، بەڵکوو بەرپرسانی ڕووسیا و چین باس لەم تاڵانکردنە دەکەن. چاو لیجیان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاندووە کە بە پێی ئامارە فەرمییەکانی سوریا، لە ساڵی 2011 تا نیوەی یەکەمی ساڵی 2022، بەکارهێنانی نایاسایی سەرچاوە سرووشتییەکانی سوریا لە لایەن ئەمریکاوە بە سەدان ملیار دۆلار زیانی بەم وڵاتە گەیاندووە.
لە لایەکی دیکەوە، باڵیۆزی ڕووسیاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە لە مانگی تشرینی یەکەم و بە پاڵپشتی هێزەکانی ئەمریکا، زیاتر لە 160 تەنکەر و بارهەڵگر نەوت و گەنم لە سوریاوە براوەتە هەرێمی کوردستان.
دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق: زانیاریمان نییە
بەرپرسێک لە دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە زانیارییەکی ئەوتۆیان سەبارەت بە دزین و قاچاخکردنی نەوت و هاتنی تەنکەر و بارهەڵگرەکان لە سوریاوە بۆ هەرێمی کوردستان نییە.
ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە کە دەستەی دەروازە سنورییەکان هیچ زانیارییەکی لە بەردەستدا نییە لە بەر ئەوەی کە دەروازە سنورییەکانی هەرێم سەر بە دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق نین و زانیاری لە سەر ئەوان نییە.
ڕاشیگەیاندووە کە زانیاری ئەوەمان لە بەردەستدایە کە هەرێمی کوردستان دەروازەی سنوری نافەرمیی هەیە و لەو ڕێگایەوە هەندێک کاڵا بە نایاسایی هاوردە دەکرێت بەڵام تەنانەت ئەم دەروازە سنورییانەش سەر بە حکومەتی ناوەندی و دامەزراوە چاودێرییەکانی نین.
هەرێمی کوردستان: درۆیە!
لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان ئەم هەواڵانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن کە دەروازەیەکی سنوریی فەرمی لە نێوان هەرێمی کوردستان و سوریا هەیە کە سەر بە دەستەی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانە.
بەرپرسێک لە لێژنەی پێشمەرگە و ئاسایشی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئەو هەواڵانە باس لە تالانکردنی نەوتی سوریا بۆ هەرێم دەکرێت، دوورە لە ڕاستییەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە دەروازەی سیمالکا لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەستەی دەروازە سنورییەکان و وەزارەتی داراییە و هیچ بارهەڵگرێک بە نایاسایی نەهاتووەتە هەرێمی کوردستانەوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی: نەوتی سوریا دێتە هەرێم و ڕەوانەی ئیسرائیل دەکرێت
جەبار مەعموری لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکان زانیاری گرنگی لە سەر چارەنووسی نەوتی سوریا ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە نەوتی سوریا لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە تاڵان دەکرێت و دێتە هەرێمی کوردستان و پاشان لە ڕێگای تورکیاوە ڕەوانەی ڕژێمی زایۆنیستی دەکرێت./.