بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی خوێندکاری زانکۆ کە هاوکاتە لە گەڵ 16 ی سەرماوەز، بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە زانکۆی تاران بەڕێوەچوو.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لەو ڕێوڕەسمەدا ڕۆژی خوێندکاری بە هێمای دوژمن ناسی، دژایەتی دوژمن، ڕوون بینی و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی ناو برد و وتی: لە ڕاستیدا 16 ی سەرماوەز دەبێت وەک هێما و نموونەی شانازی و ناسینەوەی هەلومەرج و دۆخی وڵات لە لایەن زانکۆکانەوە بەرز ڕابگیرێت.
ناوبراو وتی: کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە گرنگیی بە پتەوکردنی پێگەی زانست بە تایبەت لە زانکۆکان داوە و لەم ڕووەشەوە حکومەت لە پاش قەیرانی کۆرۆنا، یەکەمایەتیی بە دەستپێکردنەوەی خوێندنی زانکۆکان داوە لە بەر ئەوەی کە پێشکەوتنەکان و شانازییەکانی زانایانی وڵات بەرهەمی زانکۆکانە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمڕۆ زانکۆی ئێمە زیانی بە دوژمن گەیاندووە و بەم هۆیەوە دەیانەوێت ڕەشی زانکۆکان ئاڵۆز بکەن و هۆڵەکانی وانەوتنەوە دابخەن بەڵام مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ موڵەتی وەها بەوان نادەن.
ئایەتوڵڵا سەبارەت بە هۆکاری توڕەیی و بێهیوایی دوژمنان لە زانکۆ و کۆمەڵەی خوێندکاریی ئێران وتی: زانکۆکانی ئێمە ئەمڕۆ سەرچاوەی سەرجەم پێشکەوتنەکانی وڵاتن و شانازییەکانی زانایانی ئێمە لە زانست و تەکنۆلۆژیا، پیشەسازی ناوەکی، مووشەکی و ئاسمانی و دەسکەوتەکانی بەرگری و ئەمنی، بەرهەمی زانکۆیە، لەم ڕووەشەوە دوژمنان هەوڵیان داوە کەشی زانکۆکان ئاڵۆز بکەن بەڵام خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆکانی ئێمە ئەوەیان پیشان داوە کە دەنگی ڕاستەقینەی ئەوان دژایەتی دوژمنان و ڕەوتی ستەمکارییە./.