بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی ” عەرەبی 21 ” لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی شی جینگ پینگ سەرۆک کۆماری چین بۆ سعوودیە ڕایگەیاند: ناوبراو یەکەم سەردانی خۆی بۆ سعوودیە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوو وەک بەشێک لە هەوڵەکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی پەکین و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس ئەنجام دەدات، ناوچەیەک کە لە مێژەوە وەک شوێنی دەستڕۆیشتوویی ئەمریکا ناسراوە.
عەرەبی 21 بە ئاماژە بە گرنگی کۆبوونەوەکەی سەرۆک کۆماری چین و شای سعوودیە و جێنشینی ئەم وڵاتە، ڕایگەیاندووە کە شی جینگ پینگ بەشداری لە دوو کۆبوونەوەی هاوبەش لە گەڵ سەرکردەی وڵاتانی جیهانی عەرەب و وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس دەکات.
بڕیارە چین و سعوودیە چەندین ڕێکەوتننامە لە بواری بازرگانیی ئازاد و هاوکاری لە بواری وزەی ناوەکی واژۆ بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەردانەکەی تەمموزی ڕابردوو بۆ سعوودیە و کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی ڕایگەیاندبوو کە واشنتن ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جێ ناهێڵێت تا چین، ڕووسیا و ئێران شوێنی بگرنەوە.
پێگەی عەرەبی 21 بە ئاماژە بە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و سعوودیە لە سەر پرسی ئۆپێک پڵەس، ئەگەری نزیکبوونەوەی زیاتری پەکین – ڕیاز بە سەرکەوتووتر دەزانێت و ڕایگەیاندووە کە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ چین دەدەن./.