گومان لەوەدا نییە کە ئەردۆغان ساڵانێکە نیازی لکاندنی بەشێک لە سوریا و تەنانەت عێراقیشی بە تورکیاوە هەیە. گرنگترین ئامانجی سەرۆک کۆماری تورکیاش زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە.
لە هەمان کاتدا هەرچی لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی تورکیا نزیک دەبینەوە ئەردۆغان بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە کوردنشینەکانی باکوری سوریا جیدیتر دەبێت. دەرفەتەکەی ئەردۆغان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بە پێی نزیکبوونەوە لە کۆتایی سەد ساڵەیی پەیمانی لۆزان کە هاوینی 2023 دەبێت، زۆر کەمە. پێدەچێت ئەردۆغان بیەوێت لانیکەم بەشێک لە خاکی دەسەڵاتی عوسمانی کە لە پەیمانی لۆزاندا لەو وڵاتە جیا بوونەتەوە، دیسانەوە بۆ تورکیا بگەڕێنێتەوە. لە ئەگەری سەرکەوتن لەم سیناریۆیەدا پێش کۆتایی وادەی پەیمانی لۆزان لە هاوینی داهاتوو و پاش کۆتایی سەد ساڵەیی پەیمانەکە، ئەردۆغان هیوادارتر دەبێت کە بگاتە ئامانجی خۆی بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.
ئەگەرچی گەڕانەوە لە ناوەڕۆکی پەیمانە نێودەوڵەتییەکانی وەک لۆزان بە کردەوە و لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا زۆر دژوارە بەڵام تەنانەت مسۆگەربوونی بەشێک لەو ئامانجە دەتوانێت دەستی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی 2023 ی تورکیا کراوەتر بکات و پاش هەڵبژاردنەکانیش هەنگاوێکە بۆ بەهێزبوونی پارتی داد و گەشەپێدان لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیا لە ساڵانی داهاتوو.
ئەردۆغان پێشتر بەردەوام ڕایگەیاندووە کە ڕۆژێک دەگات کە کەرکوک، حەلەب و موسڵ بۆ تورکیا بگەڕێنینەوە بەڵام ئێستا لە بەرامبەر یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تەنیا ڕێگا هێرشکردنە سەر باکوری سوریایە. ئەوەش لەبیر نەکەین کە لە ساڵانی ڕابردوو بەشێک لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا شوێنی تەراتینی تورکەکان بووە و سیاسەتی بە تورکیکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە لە ڕیزی کارەکانی حکومەتی ئەنکەرەدا بووە و تا ڕادەیەکیش بەرەوپێشچوونی هەبووە.
لە هەمان کاتدا پێدەچێت لاوازبوونی هەڵوێستی ئەمریکییەکان بۆ پاڵپشتی لە هەسەدە لە باکوری سوریا، تا ڕادەیەک لە پێداگریی ئەردۆغان بۆ هێرشکردنە سەر کوردانی ئەم وڵاتە کاریگەری هەبووە.
ئەگەرچی لەم ماوەیەدا باس کراوە کە ئەردۆغان بەرەو سفرکردنی کێشەکانی تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەدا دەڕوات و ئەمەش لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنکەرە لە گەڵ سعوودیە، ڕژێمی زایۆنیستی و میسر پیشان درا بەڵام پێدەچێت ئەردۆغان بە هەموو هێزێکەوە هەوڵی ئەوە بدات لە ژێر کاریگەرییەکانی قەیرانی ئۆکرانیا دەرفەتی هێرشکردنە سەر باکوری سوریا لە دەست نەدات.
بە پێی هەڵوێستی ئەمریکییەکان و نەبوونی پاڵپشتییەکی ئەم وڵاتە بۆ هەسەدە، تەنیا ڕێگای بەردەم کوردانی سوریا گەڕانەوە بۆ باوەشی حکومەتی دیمەشق و داوای هاوکاری لە حکومەتی بەشار ئەسەدە. لە 11 ساڵەی قەیرانی سوریا بەردەوام یەک شرۆڤە هەبووە کە کوردەکان گەورەترین دۆڕاوی قەیرانی سوریان، ئەگەر پێداگری لە سەر جیابوونەوە لە دەسەڵاتی دیمەشق بکەن./.