بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئلینا ڕومانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لەم ماوەیەدا لە لێدوانەکانیدا کە چاودێرانی عێراقی وەک هەڕەشە خوێندنەوەیان بۆ کردووە، ڕایگەیاندووە کە ” ناڕەزایەتییەکان لە عێراق دەست پێدەکاتەوە ” و ” حکومەتەکەی سودانی دەبێت ئەمە لە بەرچاو بگرێت “. بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسی و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم لێدوانانە گوشاری حکومەتی ئەمریکایە لە سەر کابینەی ئێستای عێراق بۆ مسۆگەربوونی ئامانجە سیاسییەکانی. بە ڕای هەندێکی دیکە ئەم هەوڵەی ئەمریکا بۆ ئەوەیە کە محەممەد شیاع سودانی لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی هەندەڵی و کردنەوەی دۆسیە لە دژی هەندێک کەسایەتی نزیک لە واشنتن پاشگەز ببێتەوە.
لە گەڵ ئەم لێدوانانە، ژمارەیەک لە شارەزایان و چاودێرانی سیاسیی عێراق، کۆبوونەوە بەردەوام و لە دەرەوەی عورفی سیاسیی باڵیۆزی ئەمریکا بە پیشاندەری دەستێوەردانی واشنتن لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دەزانن.
ڕومانۆسکی لە یەک مانگی ڕابردوو 4 جار لە گەڵ لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمار، 5 جار لە گەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، لانیکەم یەک جار لە گەڵ سەرجەم وەزیرانی کابینە و هەروەها لە گەڵ سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراقیش کۆبووەتەوە و چەندین جاریش لە گەڵ بەرپرسانی هەر دوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.
ژمارەیەک لە شارەزایانی سیاسیی عێراق بۆچوونی خۆیان لە سەر هەڵسووکەوتی نایاسایی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق خستووەتەڕوو.
مەحمود ئەلهاشمی:
داگیرکار و بکوژی یەک ملیۆن عێراقی باس لە پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتی عێراق دەکات
مەحمود ئەلهاشمی بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە ستراتیژییەکانی ” الاتحاد ” ڕایگەیاند: باڵیۆزی ئەمریکا لە کاتی دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق جموجوڵە نایاساییەکانی خۆیی دەستپێکردووە. باڵیۆزی ئەمریکا پێی وایە کە محەممەد شیاع سودانی سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکانە، ئەو هاوپەیمانییەی کە دوژمنایەتیی لە گەڵ ئەمریکا هەیە. ڕومانۆسکی لە گەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆبووەتەوە تا زاڵبوونی حکومەتی ئەمریکا بە سەر عێراقدا دەستەبەر بکات.
ئەلهاشمی وتی: لە دوایین کۆبوونەوە لە گەڵ جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕومانۆسکی هەوڵیدا تا لە تویتەکەیدا ئەوە پیشان بدات کە ئەمریکا پاڵپشتی لە سەروەری عێراق و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شەفاف دەکات بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئەمریکا لە چ کاتێکەوە هەوڵی بەهێزبوونی سەروەری و دەسەڵاتی عێراقی داوە، لە کاتێکدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان، عێراق بە هێنانی هێزەکانی لە 12 هەزار کیلۆمەتر لەو لاترەوە، داگیر کردووە و ژێرخانەکان و هێزی سەربازیی ڕووخاندووە؟
بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەیی ” الاتحاد ” وتی: ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی کوژرانی زیاتر لە یەک ملیۆن عێراقی و هێنانی تیرۆریزمە بۆ ئەم وڵاتە، لە گەڵ ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک. عێراق بەردەوام لە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا زیان دەبینێت، باڵیۆزی ئەمریکا چ مافێکی هەیە کە باس لە دەسەڵات و سەروەری عێراق بکات و هەڵبژاردنەکانی عێراق چ پەیوەندییەکانی بەو وڵاتەوە هەیە؟ هەڵبژاردنەکان بابەتێکی ناوخۆیی عێراقە و هیچ لایەنێک مافی دەستێوەردانی لە کاروباری ئەم وڵاتەدا نییە.
بە وتەی ئەلهاشمی، ئەمریکا لە پشتەوەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی تشرینی یەکەمی 2019 ی عێراقەوە بووە و گەنجانی ڕژاندە سەر شەقامەکان تا حکومەتێکی بەسراوەی خۆی بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی بێنێتە سەر دەسەڵات، ئەو حکومەتەی کە هێشتا زیانەکانی بۆ عێراق بەردەوامە.
سەعد سەعدی:
سەرەتا کشانەوەی داگیرکاران و داخستنی بنکە سەربازییە نایاساییەکان و پاشان باسکردن لە پاڵپشتی عێراق و دەسەڵاتەکەی
سەعد سەعدی یەکێک لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی خۆڕاگریی عەسائیبی ئەهلی حەق وتی: ئەمریکا زۆر دەمێکە سەرقاڵی دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق لە ئاستی سیاسی و ئەمنی. حکومەتی ئەمریکا تۆمەتبارە بە تاوانی شەڕی لە دژی گەلی عێراق و تیرۆری فەرماندەکانی سەرکەوتن لە دژی تیرۆریزم (شەهیدان حاجی قاسم سولێمانی و ئەبو موهدی موهەندیس).
سەعدی وتی: باڵیۆزی ئەمریکا لە کاتێکدا باس لە پاڵپشتیکردنی عێراق دەکات کە وڵاتەکەی یەکەم پێشێلکاری سەروەری عێراقە بە ئامادەبوونی نایاسایی هێزەکانی لەم وڵاتە. ئەوان ڕێزیان لە یاساکەی پەرلەمانی عێراق بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتانی بێگانە نەگرتووە، دەبێت ئەمریکا بنکە سەربازییە نایاساییەکانی لە خاکی عێراقدا دابخات و پاشان باس لە سەروەری و دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بکات. ئەوان هەروەها تۆمەتبارن بە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی عێراق و تەزویرکردن. باڵیۆزی ئەمریکا مافی ئەوەی نییە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان و سەروەری عێراق لێدوان بدات.
کازم جابر:
دیمۆکراسی عێراق بە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا دابین ناکرێت
کازم جابر شارەزای کاروباری عێراقیش بە ئاماژە بە دەستێوەردان و پێشێلکردنی بەردەوامی سەروەری عێراق وەک داگیرکاری و خوێنڕشتن، بە تایبەت تیرۆری فەرماندەکانی خۆڕاگری لە دژی تیرۆریزم، تاوانەکانی ناو گرتووخانەکان و کوشتنی کەسانی سڤیل و هەروەها دەستێوەردانەکان لە کەرتی ئابوریی عێراق، وتی: ئەمریکا بە هۆی پەیوەندی عێراقییەکان لە گەڵ کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا و چین لێپێچینەوە لەوان دەکات و ڕێگری لە هاوکارییەکانی نێوانیان دەکات تا خەڵک نەتوانن تەنانەت کەڵک لە کارەبا و ئاساییترین خزمەتگوزارییەکان وەربگرن، ئایا ئەمە پێشێلکردنی دەسەڵات و سەروەری عێراق نییە؟
جابر پرسیاری ئەوەشیکردووە کە ئایا بۆردومانی ڕۆڵەکانی عێراق لە هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی لە بنکە سەربازییە فەرمییەکان، پێشێلکردنی سەروەری عێراق لە لایەن ئەمریکاوە نییە؟ ئایا پێدانی موڵەت و دەرفەت بە گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک قاعیدە و داعش و پاڵپشتی لە گرووپە چەکدارەکان لە دژی وڵاتانی دراوسێ پێشێلکردنی سەروەری نییە؟
کازم جابر وتی: بەرپرسانی عێراق نابێت ڕێگا بە دەستێوەردانەکانی باڵیۆزی ئەمریکا بدەن، ئەوان لە زمانی بەرپرسانی پێشووی وڵاتەکەیان وەک هیلاری کلینتۆن دانیان بەوەدا ناوە کە داعش دەستکردی واشنتن و دەزگای هەواڵگری ئەمریکایە و نابێت خۆیان وەک لایەنگری دیمۆکراسی ناو ببەن.
عەباس عەرداوی:
ڕومانۆسکی هەوڵی گەڕانەوەی پێگەی لاوازبووی ئەمریکا لە عێراق دەدات
شرۆڤەکاری سیاسی و کەسایەتی میدیایی عێراق پێی وایە کە جموجوڵ و کۆبوونەوە بەردەوامەکانی باڵیۆزی ئەمریکا پیشاندەری لاوازبوونی پێگەی ئەم وڵاتەیە لە عێراق و دەزانێت کە بوونی ئەمریکا لە ڕووی ئەمنییەوە لە عێراق لاواز بووە.
عەباس عەرداوی وتی کە ئەمریکییەکان دەیانەوێت ئەم لاوازبوونە ئەمنییە لە ڕووی سیاسییەوە قەرەبوو بکەنەوە، ئەم دەستێوەردانە لە گەڵ پاڵپشتی لە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، هەوڵی تێکدانی پەیوەندییەکانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستێوەردانی بەردەوام لە دۆسیەکانی نەوت و غاز دەبێت تاوتوێ بکرێت.
ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە وتی کە ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا بە واتای دەستێوەردانی ئاشکرایە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و گومان لەوەدا نییە کە ئەمریکییەکان گەورەترین پێشێلکاری دەسەڵات و سەروەری عێراقن./.