بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە کۆنفرانسی نیشتمانیی ” بەرپرسیاریەتی جێبەجێکردنی دەستوور ” دەستووری بە بنەمایەکی نیشتمانی و پیشاندەری شۆڕشی شکۆمەندانەی ئیسلامی ئێران ناو برد کە کۆماریبوون و ئیسلامیبوونی دەسەڵات و مافە سەرەکییەکان و ئازادییە ڕەواکانی دەستەبەر کردووە.
ناوبراو لە بەشێک لە وتارەکەی، گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک و پێکهێنانی کابینەکانی لە شانازییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوورەکەی ناو برد و وتی: لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە تا ئێستا زیاتر لە 40 هەڵبژاردن کراوە، بە واتایەکی دیکە لە هەر ساڵێک یەک هەڵبژاردن هەبووە و ئەوەیە کە وڵاتی ئێمە بە ناوی هەڵبژاردنەکانەوە دەناسن، بەڵام جێی سەرسوڕمانە ئەو وڵاتانەی کە بە ناو خۆیان وەک پشتیوانانی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ ناو دەبەن بە هەموو شێوەیەک وڵاتی ئێمەیان کردووەتە ئامانجی گەمارۆ و هێرشەکانیان و لە بەرامبەردا پاڵپشتی لە دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانی ناوچەکە دەکەن کە بە گەورەترین پێشێلکارانی مافی مرۆڤ دەناسرێن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگیدانی بە مافی مرۆڤەکان بە یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە پێشکەوتووەکانی دەستووری ئێران ناو برد و وتی: لە وڵاتێکدا کە بەردەوام هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچێت، سەرجەم گرووپەکان، مەزهەبەکان و پێکهاتەکان دەبێت لە سەر جێبەجێکردنی دەستوور ڕێککەوین، لە بەر ئەوەی کە باشترین ڕێگای مسۆگەربوونی دادپەروەری، جێبەجێکردنی یاسایە و ڕێگایەکی دیکە بەدەر لەمە نییە./.