بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەر زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ کۆبوونەوەی نێوان بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕوبەڕوی دژایەتی دیمەشق بووەتەوە.
ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە کە بەشار ئەسەد تەنانەت پێشنیاری کۆبوونەوەی هاوبەشی لە گەڵ ئەردۆغان و ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕەتکردووەتەوە.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە کۆبوونەوەکە پێگەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا بەهێز دەکات، بە تایبەت ئەگەر سەرۆک کۆماری تورکیا بیەوێت لەو کۆبوونەوەدا پرسی پەنابەرانی سوری لە وڵاتەکەی تاوتوێ بکات.
دیمەشق پێی وایە کە هۆکارێک بۆ پێدانی ئیمتیاز بە ئەردۆغان نابینرێت و پێش هەڵبژاردنەکانیش هیچ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا ناکرێت.
سەرچاوەیەکی دیکە ڕایگەیاندووە کە دیمەشق هۆکارێک بۆ کۆبوونەوەی نێوان ئەسەد و ئەردۆغان لەم کاتەدا نابینێت و داواکاریشی ئەوەیە کە تورکیا پاشەکشە بە هێزەکانی لە ناو خاکی سوریا بکات./.