بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە 1 ی کانوونی یەکەمی 2022 لە زنجیرە تویتێکدا ڕایگەیاند: تاوانبارانی دژ بە گەلان و لایەنگرانی ڕژێمی داگیرکار، تیرۆریست و ڕەگەزپەرستی زایۆنیستی، لە پێگەیەکدا نین کە سەبارەت بە وڵاتانی دیکە و مافی مرۆڤ لێدوان بدەن.
ناوبراو ڕایگەیاند: مافی مرۆڤ چەمکێکی پیرۆزە و کۆماری ئیسلامی ئێران بەرزکردنەوەی بە پێویستییەکی ئیسلامی، مرۆیی، یاسایی و ئەخلاقی دەزانێت.
کەنعانی لە درێژەدا ڕایگەیاند: پێشێلکارانی مافی مرۆڤ باشترە بیر لە کارنامەی شەرمەزارکەرەوەی خۆیان لە بواری مافی مرۆڤدا بکەنەوە و واز لەوە بێنن کە مافی مرۆڤ وەک ئامرازێکی سیاسیی گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکار دێنن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە حکومەتی ئەمریکا و زۆربەی بانگەشەکارانی ڕۆژئاوایی بە هۆی کارنامەی شەرمەزارکەرەوەیان لە دادگای ویژدانی مرۆییدا ئیدانەکراون./.