بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە بە مەبەستی کردنەوەی پرۆژەی ئاو و کۆبوونەوەی لە گەڵ خەڵک، سەردانی شاری سنەی کرد.
یەکێک لە گرنگترین دیمەنەکانی ئەم سەردانە گرنگ و بەدەسکەوتە، ئامادەبوونی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە شەقامی فیردەوسیی شاری سنە بوو کە لە گەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک و دووکاندارەکانی شەقامەکە قسەی کرد و ئەمەش شکستی پیلانی دوژمنان و گرووپە تیرۆریستییەکانی بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی شاری سنە و جیاکردنەوەی خەڵک و دەسەڵات لە یەکتر پیشاندا.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە میانەی چاوپێکەوتنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سنە وتی کە دوژمنانی شۆڕشی ئیسلامی لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕش تا ئێستا بە بیانووی جۆربەجۆر هەوڵی پیلانگێڕی و ئاڵۆزکردنی ناوچەکەیان داوە و لەو خەونەدا ژیاون کە دەتوانن لەم مەڵبەندا شوێنی خۆیان بکەنەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: گرووپەکانی دژبەری شۆڕش لە درێژەی خیانەتەکەیان و لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە وەک هەمیشە تووشی هەڵە بوون و تاوانی دیکەیان لە کارنامەی خۆیاندا تۆمار کرد، ئەوان وایان دەزانی کە بە ئاژاوەگێڕی و کردەوە تیرۆریستییەکان دەتوانن بگەنە ئامانجی ڕەشی خۆیان بەڵام بێ ئاگا لەوەی کە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان بە هەزاران شەهیدیان پێشکەش بە شۆڕشی ئیسلامی کردووە./.