بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کوردان لە یەک سەدەی ڕابردوو حەوت خیانەتی ئاشکرای ئەمریکایان بە چاوی خۆیان بینیوە کە بریتین لە:
یەکەم:
پاش ڕووخانی دەسەڵاتی عوسمانی و شکستی لە شەڕی یەکەمی جیهانی، پەیمانی سیڤەر لە 1920 خۆبەڕێوەبەری کوردانی لە تورکیا و نەک لە عێراق و سوریا و ئێران بە گەرمی ناسی، بەڵام لە پاش دژایەتی ئەنکەرە و پاڵپشتی ئەمریکا لە مستەفا کەمال ئەتاتۆرک، لە پەیمانی لۆزان کوردەکان وەلاوە نران.
وەک ئەمریکا، بەریتانیاش لە جێی پاڵپشتی لە کۆماری کوردەکان، بووە هاوپەیمانی تورکیا و ئەمەش بووە هۆی ئاوارەبوون و کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت سوریا.
دووەم:
پاش چەندین دەیە شۆڕش و ئاڵۆزی لە تورکیا، ئەمریکا لە دژی حکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی 1958 لە عێراق پاڵپشتی لە کوردانی ئەم وڵاتە کرد. بەڵام لە ساڵی 1963 کە ڕژێمی بەعس دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت سیاسەتی سەرکوتکردنی کوردانی جێبەجێ کرد. کاتێک ڕژێمی بەعس لە یەکێتی سۆڤییەت نزیک بوویەوە، ئەمریکا بە هاوکاری حکومەتی ئەو کاتەی ئێران پاڵپشتی سەربازیی لە کوردەکان کرد کە ئەڵبەت ئەوەش بۆ هاوکاریکردنی کورد نەبووە و تەنیا وەک کارتێکی گوشار بۆ ڕێگری لە نزیکبوونەوەی عێراق لە یەکێتی سۆڤییەت بووە.
دواتریش ئەمریکا پاڵپشتیی لە ڕێکەوتنی جەزایر لە نێوان ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر و شای ئێران لە ساڵی 1975 کرد و کۆتایی بە پاڵپشتی لە کوردەکان هێنا.
سێهەم:
کوردەکان لە دەیەکانی 1980 و 1990 زیانی زۆریان لە لایەن ئەمریکاوە پێگەیشت. حکومەتەکەی ڕەیگان لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە لە دژی کوردەکان بێدەنگیی هەڵبژارد.
حکومەتی جۆرج بۆش ی باوکیش لە ساڵی 1991 سەرەتا پاڵپشتیی لە شۆڕشی کوردەکان لە دژی بەغدا کرد بەڵام پاشان ڕووی هێنایەوە پاڵپشتی سەدام و کاروباری کوردی بەو ڕاسپاردەوە. هەرچەندە لەو کاتەدا بە کردنەوەی ناوچەی دژە فڕین تا ڕادەیەک یارمەتیدەری ئیدارەی خۆجێی لە کوردستانی عێراق بوو.
چوارەم:
پاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بە مەبەستی ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس، کوردەکان هاوکاریی ئەو وڵاتەیان کرد و بوونە بەشی سەرەکی لە حکومەتی نوێی عێراق و لە شەڕی دژ بە داعش بە هەمان شێوە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئەمریکا بەهێزتر کرد بەڵام لە ساڵی 2017 کە مەسعود بارزانی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانی لە عێراق جێبەجێکرد، ئەمریکا بە ڕاشکاوانە لە دژی بڕیاریدا و پاڵپشتی حکومەتی ناوەندیی کرد و بەمەش ئەو پرۆژەی بارزانی شکستی هێنا.
پێنجەم:
کوردانی سوریا هەوڵی ئەوەیان داوە کە کەڵک لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرن و لە ساڵی 2004 لە دژی حکومەتی دیمەشق شۆڕشیان دەستپێکرد بەڵام بە هۆی نەبوونی هاوکارییەوە ئەو شۆڕشە لە ئەنجامی هاوئاهەنگی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە بە تەواوی شکستی هێنا.
شەشەم:
لە شەڕی دژ بە داعش هاوکات لە گەڵ ئاڵۆزییەکانی سوریا، هێزی دیمەشق بەرەو لاوازبوون ڕۆیشت و کوردانی سوریا کە وەک یەکینەکانی پاراستنی گەل خۆیان دەناساند و تورکیا بە بەشێک لە پەکەکە ناویان دەبات، بوونە هاوپەیمانی ئەمریکا تا کۆتایی بە داعش بێنن. ئەمریکییەکان چوونەتە ئەو ناوچانەی کە دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سرووشتییەکان، ئەمەش بووە هۆی نیگەرانی چەند وڵاتێکی ناوچەکە بە تایبەت تورکیا و ڕێگری لە بەهێزبوونی کوردانی سوریا کرا.
حەوتەم:
لە کۆتایی ساڵی 2019 دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا دەکشێنێتەوە. کوردەکان ئەم بڕیارەیان بە خیانەتێکی ئاشکرا ناو برد. تورکیا کەڵکی لەم بارودۆخە وەرگرت و هێزەکانی لە دژی ئیدارەی خۆسەریی کوردەکان ڕەوانەی سوریا کرد و چەند ناوچەیەکی داگیر کرد.
پاش دانوستانێکی چڕ لە نێوان تورکیا، ڕووسیا و ئەمریکا، ئەنکەرە لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە ئەو دوو وڵاتەی کاریگەر لە سوریا پابەندی ناوچەیەکی پارێزراو بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر بە مەبەستی ڕێگری لە هەبوونی هێزی کوردی لە نزیک سنورەکانی سوریا و تورکیا بکات. ئێستا تورکیا ئەمریکا و ڕووسیای بەوە تۆمەتبار کردووە کە بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکردووە و دەیەوێت خۆی پرۆژەکە جێبەجێ بکات.
لە ئێستادا مەترسی هەڕەشەی سەربازیی تورکیا لە دژی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا هەیە و کوردەکانیش هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر ئەمریکا پاڵپشتی لەوان نەکات، کەمپی ئەلهول کە هەزاران ئەندام و خێزانی داعشەکانی تێدایە، دەکەنەوە و ئازادیان دەکەن./.