بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ مێقداد لە میانەی وتارێکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پاڵپشتی لە فەڵەستن، وتی: فەڵەستین بەردەوام وەک پرسی سەرەکی بۆ سوریا دەمێنێتەوە.
ناوبراو وتی: ئێمە پاڵپشتی لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە فەڵەستین دەکەین، لە ماوەی زیاتر لە حەوت دەیە ڕژێمی زایۆنیستی هێشتا بەردەوامە لە سیاسەتی کوشتار، دەسدرێژی، دەرکردن و ئاوارەکردن، گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووان، درووستکردنی شارۆچکە، دزی، ڕووخاندنی موڵک و ماڵی خەڵک. ئەمانەش تاوانی شەڕە و تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی. ڕژێمی زایۆنیستی هەروەها درێژە بە تاوانەکانی لە دژی گەلی فەڵەستین و دانیشتووانی سوریی جۆلانی داگیرکراو دەدات و کەڵک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش وەردەگرێت.
وەزیری دەرەوەی سوریا وتی: ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی سزا دەدرا و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا پاڵپشتییان لەو ڕژێمە نەدەکرد، توانەکانی تەل ئەبیب درێژەی نەدەبوو، ئێمە دیسانەوە داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین هەنگاوی بەپەلە بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکاری لە فەڵەستین، جۆلان و باشوری لوبنان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەم ڕێکخراوە هەڵبگرێت.
فەیسەڵ مێقداد وتی: سوریا وڵاتانی لایەنگری ڕژێمی زایۆنیستی بە بەرپرسی بەردەوامیی داگیرکاری و تاوانەکانی ئەو ڕژێمە لە دژی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەزانێت./.