بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە 29 ی تشرینی دووەمی 2022 لە چاوپێکەوتنی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری جەختیان کردەوە: پێشکەوتنی عێراق و گەیشتن بە پێگەی باڵا و ڕاستەقینەی لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئێمە لەو بڕوایەداین کە بەڕێزتان، کەسێکن کە توانای بەرەوپێشبردنی کاروبار و پەیوەندییەکانی عێراق و گەیاندنی ئەم وڵاتەتان بە پێگەی سەربەخۆ و شیاوی شارستانیەت و مێژوویی ئەو هەیە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە پیرۆزبایی هەڵبژاردنی محەممەد شیاع سودانی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەک کەسێکی بەتوانا و ئیماندار ناویان برد کە بوونیان لە لوتکەی دەسەڵات و حکومەتی عێراقدا جێی خۆشحاڵییە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی عێراقیان بە یەکەم وڵاتی عەرەبیی ناوچەکە لە ڕووی سامانی سرووشتی و مرۆیی و هەروەها پێشینەی کەلتوری و مێژوویی و شارستانیەت ناو برد و وتیان: بەداخەوە سەرەڕای بوونی وەها پێشینەیەک، هێشتا نەتوانراوە لە پێگەی شیاوی خۆیدا بێت و هیوادارین بە بوونی بەڕێزتان، عێراق بگاتە پێشکەوتن و پێگەی ڕاستەقینەی خۆی.
بەڕێزیان یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی عێراقیان بۆ گەیشتن بەم پێگە ڕاستەقینەیە بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی پێکهاتەکان و لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق ناو برد و وتیان: یەکێکی دیکە لە پێداویستییەکان، کەڵک وەرگرتنی زۆرینەیە لە هێزی گەنجانی بە ورەی عێراقی.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: پێشکەوتنی عێراق دوژمنانێکی هەیە کە ڕەنگە بە ڕواڵەت دوژمنانی خۆیان ئاشکرا نەکەن بەڵام حکومەتێکی وەک حکومەتێکی ئێوەیان قبووڵ نییە و دەبێت بە پشت بەستن بە خەڵک و هێز و ئیرادەی گەنجان کە تاقیکردنەوەی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسی گەورەی داعش پیشاندا، لە بەرامبەر ئیرادەی دوژمن، بەهێزەوە ڕابوەستن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە وتەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕێگری لە هەر کردەوەیەکی چەکداری لە خاکی ئەم وڵاتەوە لە دژی وڵاتانی دیکە، وتیان: بەداخەوە کە ئێستا ئەمە لە هەندێک ناوچەی سنوری ڕوو دەدات و تەنیا چارەسەر ئەوەیە کە حکومەتی ناوەندی هێزی خۆی لەو ناوچانە زیاتر بسەلمێنێت.
بەڕێزیان وتیان: ئەڵبەت تێڕوانینی ئێمە سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق ئەوەیە کە ئەگەر هەر لایەنێک ویستی تێکدانی ئاسایشی عێراقی هەبێت، ئێمە سنگی خۆمان دەکەینە قەڵغانی پاراستنی عێراق.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: ئاسایشی عێراق، ئاسایشی ئێرانە، وەک چۆن کە ئاسایشی ئێرانیش کاریگەریی لە سەر ئاسایشی عێراق هەیە./.