بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی کە ڕۆژی دووشەممە 28 ی تشرینی دووەمی 2022 بەڕێوەچوو، سەبارەت بە پرسی جێگیربوونی هێزەکانی حکومەتی عێراق لە سنورەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، وتی: پێشتر چەند کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە نێوان تاران و بەغدا بەڕێوەچووە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە خاکی عێراق و حکومەتی عێراق بەرپرسی پاراستنی سنورە هاوبەشەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە.
ناوبراو وتی: هەواڵی ئەوەمان بیستووە کە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە هێزەکانی لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بکات، هیوادارین ئەمە ڕوو بدات و ئێمە پێشوازیی لێدەکەین، ئەگەر حکومەتی عێراق پێویستی بە هاوکاری تەکنیکی هەبێت ئامادەیی ئەوەمان هەیە.
کەنعانی سەبارەت بە هێنانی ماسکی دژە کیمیایی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی خۆی وتی: ڕاپۆرتەکان پیشان دەدەن کە ئەڵمانیا ڕۆڵی گرنگی لە پڕچەککردنی ڕژێمی سەدام بە چەکە کیمیاییەکان هەبووە./.