بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو سکاڵایە کە ڕادەستی دادگای کەرخی بەغدا کراوە، داوایکردووە کە دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشوو، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی پێشوو و باڵیۆزی ئەمریکا بە تاوانی شەهیدکردنی فەرماندەکانی خۆڕاگری دادگایی بکرێن.
لەو سکاڵایەدا هەروەها ناوی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشوو و زیا موسەوی سەرۆکی پێشووی هەواڵگری سەربازیی عێراق هاتووە.
پێشتر حامید موسەوی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە حکومەتی نوێی ئەم وڵاتە بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سودانی بە جیدی هەوڵی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی تیرۆری فەرماندەکانی خۆڕاگری دەدات.
بە وتەی ناوبراو، حکومەتەکەی محەممەد شیاع سودانی دەسکەوتەکانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی تەواو دەکات بە ئامانجی دەرهێنانی عێراق لە ژێر کاریگەری تەواوی ئەمریکا و جۆربەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئەم وڵاتە./.