بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەمر موسا لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی سپۆتنیک، وتی: ئەنجامی دەستێوەردانی ناتۆ لە لیبیا لە ساڵی 2011 زیانی بە سەروەری ئەم وڵاتە گەیاند. دۆخی لیبیا بە هۆی توڕەیی خەڵک و شۆڕشەوە زۆر نالەبار بوو، ئەوەی کە لە ساڵی 2011 لە ناوچەکە ڕوویدا بە هۆی نەبوونی زانیاری و ئاگادارییەوە بوو. لە زۆربەی وڵاتان بۆ ماوەی زیاتر لە 70 ساڵ چاکسازییەک نەکرابوو.
ناوبراو وتی: دەستێوەردان و پیلانەکانی دژ بە ناوچەکە لە گەڵ هەڵەی گەورەی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، کاریگەری لە سەر دۆخی ئەو وڵاتانە دانا. گرنگینەدان بە چاکسازییەکان لە ناوخۆ، یارمەتیدەری پیلانەکان بوو کە لە دەرەوە فەرماندەیی دەکران.
عەمر موسا وتی: جیهان ئەمڕۆ ڕوبەڕوی چەند جەمسەر بووەتەوە، دەبێت لە گەڵ وڵاتانی نزیک لە جیهانی عەرەب سەبارەت بە داهاتووی ناوچەکە و بۆ پاراستنی ئاسایشی عەرەبەکان و بوونی هەڵوێستێکی یەکگرتوو سەبارەت بە پرسە هاوبەشەکان، دانوستان بکرێت.
ئەمینداری گشتی پێشووی کۆمکاری عەرەبی سەبارەت بە هەڵوێستی ئەم دامەزراوەیە لە ساڵی 2011 و دەستێوەردانی ناتۆ لە لیبیا وتی: ئەوەی کە سەبارەت بە داواکاری کۆمکاری عەرەبی لە ناتۆ بۆ دەستێوەردان لە لیبیا دەوترێت، دوورە لە ڕاستییەوە و ئەوانەش دەیانەوێت زانیارییان هەبێت دەبێت بەڵگەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو وتووێژانەی لە سەر ئەم پرسە کراوە، تاوتوێ بکەن./.