بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی هەینی 25 ی تشرینی دووەمی 2022 لە وتووێژی تەلەفوونیی لە گەڵ ئەنوەر ئیبراهیم سەرۆک وەزیرانی مالیزیا بە بۆنەی وەرگرتنی ئەم پۆستە، پیرۆزبایی لە ناوبراو کرد و وتی: ئێران و مالیزیا خاوەن توانایەکی زۆرن لە بوارەکانی ئابوری، کەلتوری، تەکنۆلۆژیا و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵی بەرپرسانی هەر دوو وڵاتیش دەتوانێت لە پێناو بەرژەوەندییەکان کەڵک لەم توانایە وەربگرێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە مالیزیا لە کیشوەری ئاسیا و لە جیهانی ئیسلامیدا بۆ ئێمە وڵاتێکی گرنگە.
ئەنوەر ئیبراهیم سەرۆک وەزیرانی مالیزیاش لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا ڕایگەیاند کە هەر دوو وڵات لە بواری کەلتوری و بازرگانی دەتوانن پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکانیان بدەن و وتی: سەرجەم هەوڵەکانمان بەکار دێنین تا پەیوەندییەکانمان وەک دوو وڵات و گەلی گەورەی ئیسلامی، بەرەوپێشچوونی زیاتری هەبێت./.