بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداری ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی میدیایی وڵاتەکەی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئەنکەرە وتی: پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەنکەرە لە ئێستادا ڕەهەندی هەواڵگری و ئەمنیی هەیە بەڵام ئاستی کۆبوونەوەکان بەرز دەکاتەوە، سوریا چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری لە تورکیا دەکات نەک قسەکردن، لە ئێستادا ڕەنگە تورکیا لە تێڕوانینی بەرامبەر بە ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ڕاستگۆتر بێت بەڵام ناتوانین بڵێین کە ئەم هەڵوێستەی تورکیا جیدییە یان تەنیا مانۆڕێکی سیاسییە.
بەشار ئەسەد بە ئاماژە بە لێدوانی فەرمی و ئەرێنیی ئەنکەرە بەرامبەر بە دیمەشق وتی کە دەبێت بە دوور لە بەیاننامە و لێدوانەکان چاوەڕوانی هەنگاوی کرداریی لایەنی بەرامبەر بین.
سەرۆک کۆماری سوریا سەبارەت بە هێزەکانی سوریای دیمۆکرات وتی: سەبارەت بە هێزە کوردییەکانی باکوری سوریا و کێشە و گرفتی ڕۆژانەی ئەوان لە بواری خزمەتگوزارییەکان تا ڕادەیەک پەیوەندی هەبووە، ئەم پەیوەندییە بە بێ هیچ گۆڕانکارییەک بەردەوامە.
ناوبراو سەبارەت بە ئەمریکا و داگیرکاریی لە سوریا وتی: ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بە ئەمریکییەکانەوە نابێت و گرنگی بە زیاترکردنی خۆڕاگریی گەل بۆ گوشارخستنە سەر ئەوان و دەرکردنیان لە خاکی سوریا دەدەین.
بەشار ئەسەد سەبارەت بە هاوپەیمانەکانی سوریاش وتی: ئێران بەردەوام پاڵپشتیی لە سوریا کردووە و لە بواری ئابوری و سەربازی درێژە بە هاوکارییەکانی دەدات و ئەوەی پێویست بووە بۆ ئێمەی کردووە، ڕووسیاش هاوکاری زۆری ئێمەی کردووە بەڵام لە پاش شەڕی ئۆکرانیا و گوشارە سەربازی و ئابورییەکانی دژ بە مۆسکۆ تا ڕادەیەک دۆخەکە گۆڕاوە.
سەرۆک کۆماری سوریا سەبارەت بە حزبوڵڵای لوبنانیش وتی: ئێمە پاڵپشتیمان لە حزبوڵڵا کردووە و درێژە بەمەش دەدەین، لە بەر ئەوەی کە هاوپەیمانی ستراتیژی ئێمەیە، سەبارەت بە داهاتووی لوبنان هەندێک نیگەرانی هەیە بەڵام ئەم وڵاتە لایەنگری سوریایە و سەقامگیرییەکەی بۆ ئێمە گرنگە.
ناوبراو سەبارەت بە عێراق وتی: پەیوەندییەکانی ئێمە و عێراق لە سەر بنەمای دۆستایەتی بووە و لە گەڵ عێراقییەکان لە سەر سیاسەتی گشتی پەیوەندیمان دەبێت نەک لێدوانی کەسەکان.
بەشار ئەسەد لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ بزوتنەوەی حەماس وتی: حەماس بە ڕاشکاوانە داوای لێبوردنی لە سوریا کرد و ئەمەش لە سەرجەم خەڵکی سوریا بووە، ئەمەش لە میانەی سەردانەکەی خەلیل حەیە ئەندامی باڵای مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس بۆ دیمەشق و لێدوانەکانی لەم بوارەدا بووە.
ئەسەد سەبارەت بە وڵاتانی عەرەبیش وتی: ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە هەڵوێستی میسر لە بەرامبەر سوریا جیاوازتر لە وڵاتانی عەرەبی بێت بەڵام میسرییەکان تێڕوانینی دیکەیان هەیە، ئەوان سەرەتا پەیام دەدەن کە ڕەزامەندییان لە سەر گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی هەیە بەڵام کاتێک دەگاتە قۆناغی فەرمی، میسر دژی گەڕانەوەی سوریا بڕیار دەدات.
ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژەشی بە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس دا و وتی: هەڵوێستی عۆمان بە باشترین و ڕاستگۆترین هەڵوێست لە بەرامبەر سوریا دەزانین، هەڵوێستی ئیمارات لە پلەی دووەمدایە، سەبارەت بە سعوودیە و بەحرەین، هەڵوێستی محەممەد بن سەلمان نەرێنی نەبوو بەڵام گوشارێکی زۆری خرایە سەر تا لە گەڵ دیمەشق هاوکاری نەکات، بەحرەین ئەگەرچی وڵاتێکی بچووکە بەڵام باڵیۆزخانەکەیی لە دیمەشق کردەوە.
سەرۆک کۆماری سوریا وتی کە ئێمە لاریمان لە سەر گەڕانەوەی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ هەر وڵاتێک بۆ قۆناغی پێش 2011 نییە، بە مەرجێک کە ئەوان هەڵوێست و هەڵسووکەوتی خۆیان بەرامبەر بە ئێمە بگۆڕن، ئێمە بۆ جێبەجێکردنی هەر دەستپێشخەرییەک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان ئامادەین، بە مەرجێک کە لایەنەکانی بەرامبەر ئەوەیان لە ئێمە نەوێت کە ئیمتیازێک بدەین./.