بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی هەینی 25 ی تشرینی دووەمی 2022 وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی بەریتانیای بۆ دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەم وڵاتە دایەوە و وتی: ئەم لێدوانە بێ بنەمایە بەشیکە لەو شەڕە سیاسییەی دوژمنان کە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێیان کردووە.
ناوبراو وتی: بەریتانیا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی کە دەبوایە بە هۆی کردەوە نامرۆڤانەکانی خۆیان وەڵامی گەلی ئێران بدەنەوە و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بە بەرپرسیار بناسرێن، بێ گومان مافی هەر جۆرە لێدوان و تۆمەتبارکردنێکی ئێرانیان بە بیانووی مافی مرۆڤەوە نییە.
کەنعانی وتی: بەریتانیا لە جێی دووپاتکردنەوەی تۆمەتەکانی لە دژی ئێران سەبارەت بە ڕۆڵی تاران لە ناوچەکە، باشترە واز لە دووبەرەکی و ئاژاوەگێڕیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و بەشداری لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بە هۆی فرۆشتنی ملیاران دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازی بە هەندێک وڵات بێنێت و ئاسایش و سەقامگیری ڕادەستی وڵاتانی ناوچەکە بکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بەریتانیا کە بە هۆی هاوکاری و هاوڕێبوونی لە گەڵ ئەمریکا لە سەر دۆسیەی ناوەکیی ئێران تۆمەتبارە و ڕێکەوتنی ناوەکیی پێشێلکردووە، لە پێگەیەکدا نییە کە بە تۆمەتی بێ بنەما، پلانی ناوەکیی ئێران ڕوبەڕوی گومان بکاتەوە.
وتیشی کە باشترە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە جێی تۆمەتبارکردنی ئێران، گرنگی بە داواکاری خەڵکی خۆیان و نەهشتنی تاوان لە دژی موسڵمانان و پەنابەران بدەن./.