بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی المیادین بۆ شرۆڤەی ئاژاوەگێڕییەکان و پیلانی ئێستای دوژمنان لە دژی ئێران، ئەوە باس کرا کە شەڕێکی هەمەلایەنە و چەندقۆڵی لە دژی ئێران خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێت وەڵامەکەشی هەمەلایەنە بێت. ئامانجی پیلانگێڕیی ئێستا لە دژی ئێران، سەرەتا ناکۆکی و دووبەرەکییە و پاشان لەناوبردنی یەکگرتوویی نیشتمانی و لە ئاکامدا لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە.
وەڵامی وڵاتانی ڕۆژئاوا و سعوودیە دەدرێتەوە
دکتۆر جەعفەر عولیان نەژاد شارەزای بواری بیر و هزری سیاسی لەو بەرنامەیەدا سەبارەت بە وەڵامی ئێران لە بەرامبەر ئەم پیلانگێڕییەدا وتی: بە دڵنیاییەوە کە ئێران هێزێکی زۆر و بەربڵاوی هەیە و هەر بۆیە وەڵامی ئەم شەڕە چەند قۆڵییە دەبێت وەڵامێکی چەند قۆڵی و بەهێز بە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە بێت.
ئەو شارەزا سیاسییە وتی: وەڵامی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە گەڵ وڵاتێکی سادەی وەک سعوودیە جیاوازیی هەیە، سەبارەت بە سعوودیە لە ڕێگای یەک یان دوو کارتی گوشارەوە وەڵام دەدرێتەوە بەڵام وەڵامی ئێران بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا کە شەڕێکی هەمەلایەنەیان لە دژی ئێران دەستپێکردووە، دەبێت لە ئاستی پیلانەکەی ئەواندا بێت.
بە وتەی ئەو شارەزا سیاسییە، ئێستا کە دوژمن ڕووی هێناوەتە تیرۆر و کوشتار، ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغێکی هەستیار کە کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستووەتە پێگەیەکەوە دان بە خۆداگرتن بە لاوە بنێت. ئێمە لەو درووشمانەی کە لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکدا دەبیستین، بەوە دەگەین کە گەیشتووینەتە ئاستێکی بەرزی کۆمەڵایەتی کە بچینە قۆناغی وەڵامی توند بۆ ئاژاوەگێڕان و تیرۆریستان، ئێستا دەرفەتێکی لەبار هاتووەتە پێشەوە، لە بەر ئەوەی کە خەڵک ڕیزەکانی خۆیان لە ئاژاوەگێڕان جیا کردووەتەوە و لە پیلانی دوژمنان تێگەیشتوون.
بە دڵنیاییەوە کە وەڵامی ئەم پیلانەی ئێستا دەدرێتەوە
هەروەها حوسێن نوش ئابادی ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لە میانەی بەشداریی لە بەرنامە تایبەتەکەی کەناڵی المیادین وتی: دوژمن پاش ئەوەی کە پیلانەکەی شکستی هێنا، دەستی داوەتە تیرۆر تا ڕای گشتی لە دژی حکومەت هان بدات، هەروەها دوژمن هەوڵی ترس و تۆقاندن و زیان گەیاندن بە ئابوری و پێشکەوتنی ئێران دەدات.
نوش ئابادی سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامی ئێران وتی: ساڵی 1388 ی کۆچی هەتاوی (2009) ئەوەتان بینی کە خەڵک خۆیان وەڵامی دوژمنیان دایەوە، ئەمڕۆش خەڵک بە ووشیاری باڵای خۆیان وەڵامی ئامانجە شەیتانییەکانی دوژمن دەدەنەوە و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئێرانیش وەڵامێکی گونجاو دەدەنە تاوانباران و دوژمن و بە دڵنیاییەوە کە وەڵامی پیلانی ئێستای دوژمن دەدرێتەوە.
ئامانجی پیلانەکە، لاوازکردنی ئێران و بەرەی خۆڕاگرییە
حوسێن نوش ئابادی لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئامانجی دوژمن ناکۆکی و دووبەرەکی و لەناوبردنی یەکگرتوویی نیشتمانییە. پارێزگای سیستان و بەلوچستان یان پارێزگاکانی دیکە کە بوونەتە ئامانجی پیلانگێڕییەکەی دوژمن، بە درێژایی مێژوو پیلانی زۆریان بە چاو بینیوە و دوژمن هیچ کات لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە ناکۆکی و کەلێن بخاتە نێوان ئەوان و دەسەڵاتەوە، ئامانجی دوژمن لە ئاکامدا لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرەی خۆڕاگرییە لە ناوچەکە.
ناوبراو وتی: ئەڵبەت پیلانەکەی دوژمن بە ئەنجام ناگات، ئاژاوەگێڕی و بەکارهێنانی شێوازی جۆربەجۆری تاوان، بە دەر لە ڕیسوابوونی دوژمن ئەنجامێکی نابێت، بە دڵنیاییەوە کە ئەگەر بڕیار بێت دوژمن لە بەکارهێنانی چەک و کوشتنی خەڵک بەردەوام بێت، بەرپرسانی وڵات بە جیدی وەڵام دەدەنەوە، گەلی ئێران ئەم پیلانگێڕییانە دەناسن.
المیادین لە درێژەدا پرسیاری ئەوەیکرد، وەک چۆن کە هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو شەڕەکە دەخەنە ناوخۆی ئێران، ئایا وەڵامی ئێرانیش لە ناوخۆی ئەوان دەبێت؟ نوش ئابادی وتی: ئێمە گومانمان لەوەدا نییە کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و شوێنکەوتووانی ئەوان لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە ئاژاوەگێڕی و کردەوە تیرۆریستییەکاندا دەستیان هەیە و لە کاتی خۆیدا سزا وەردەگرن. دوژمن ئێستا کەڵک لە تاوانباران و ئەندامانی گرووپە تیرۆریستییەکان وەردەگرێت و پێشتر لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیش تاوانی زۆری وەهایان کرد بەڵام بە ئەنجام ناگات بەڵکوو یەکڕیزی زیاتری خەڵکی لێدەکەوێتەوە. ئەوان وا دەزانن کە ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی یەک وڵات، ئاسایش و سەقامگیری خۆیان زیاتر دەکات بەڵام وا نییە./.