بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەلکساندر نواک جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا بە کەناڵی ڕووسیا 24 ی ڕاگەیاند کە ئاڵوگۆڕی وزە لە نێوان ئەم وڵاتە و چین خێراییەکی بەردەوامی هەیە.
ناوبراو وتی کە ڕووسیا و چین دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان بدەن و لەم پێناوەدا هەوڵ دەدەن پشکی دراوە نیشتمانییەکان لە ئاڵوگۆڕەکاندا زیاتر بکەن.
نواک وتی کە بۆ ئاڵوگۆڕی وزە لە نێوان ڕووسیا و چین هەنگاوە بەرەوە ئەوە دەنێین کە دراوە نیشتمانییەکان بەکار بێنین.
لە ساڵانی ڕابردوو ڕووسیا و چین بەکارهێنانی دراوە نیشتمانییەکانیان لە ئاڵوگۆڕەکانی نێوانیان بە ئامانجی وەلاوەنانی دۆلار زیاتر کردووە. مۆسکۆ بە تایبەت لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا، سیاسەتی سڕینەوەی دۆلاری لە ئاڵوگۆڕە دەرەکییەکان جێبەجێ کردووە.
لەو کاتەوە کە دۆلاری ئەمریکا شوێنی پۆندی بەریتانیای وەک دراوی یەدەک لە جیهاندا گرتەوە، هەژموونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زاڵبوونی لە جیهاندا زیاتر بوو.
لە ساڵانی ڕابردوو، پەیرەوکردنی سیاسەتی سزا و گەمارۆکان لە لایەن ئەمریکاوە بە بێ گرنگیدان بە بنەمای سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتانی دیکە، کەشێکی وەهای هێنایە پێشەوە کە ئەم چەکە بۆ هەمیشە لە دەستی ئەمریکادا نامێنێتەوە. شرۆڤەکارانی ناوخۆیی ئەمریکا هۆشداری ئەوەیان داوە کە ڕەوتی هەڵوەشانەوە و بێ کاریگەربوونی سزا و گەمارۆکان دەستیپێکردووە.
هاوکات سەرۆکی بانکی ناوەندی ڕووسیا سزا و گەمارۆکانی ئەمریکای بە هۆکارێکی هەنگاونان بەرەو سڕینەوەی دۆلار لە ئاڵوگۆڕەکان لە گەڵ وڵاتانی دیکە ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە هەست بەوە دەکرێت کەشی جیهان بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات، بەرە بەرە جیهان بەرەو سیستەمێکی دارایی چەند دراوی هەنگاو دەنێت.
لە لایەکی دیکەوە مارک کارنی سەرۆکی بانکی ناوەندیی بەریتانیا لە ئابی 2020 پێشبینی ئەوەی کردبوو کە سیستەمی دارایی جیهان کە تەنیا پشت بە دۆلار ببەستێت، بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت./.