چالاکوانانی میدیایی یەمەنی دەڵێن کە سعوودیە لە دە ساڵی ڕابردوو لە هەر ناوچەیەک دەستی داوەتە تاوان و دەسدرێژی، بێ ئەوەی کە گرنگی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆمەڵگای مەدەنی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بدات.
ئەو چالاکوانانە ڕایانگەیاندووە: ئەوەی کە لە یەمەن ڕووی داوە لاوازیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر پارە و لایەنگرانی پیشان دەدات. ئەو دامەزراوەیە لایەنگری لەوە دەکات کە پارەی زیاتری هەبێت. ئەمینداری گشتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان پێش تەواوبوونی خولی سەرۆکایەتیی ڕایگەیاند کە سعوودیە بە پێدانی بڕە پارەیەکی زیاتر بە چەندین جار ناوی لە ڕیزی تاوانەکانی لە یەمەن سڕاوەتەوە.
چالاکوانانی میدیایی هەروەها ئاماژەیان بە کوشتاری دڕندانەی پەنابەرە ئەفریقییەکان لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوریی سعوودیەوە داوە و جەختیان کردووەتەوە کە سعوودیە پێشتریش تاوانی لە دژی ئەوان هەبووە و بەلەمێکی پەنابەرانی بۆردومان کردووە. ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕایگەیاندووە کە لەو ڕووداوەدا دەیان کەس بە هۆی بۆردومانی ئاسمانیی سعوودیەوە کوژراون. بێ ئەوەی کە حکومەتی سعوودیە داوای لێبوردن بکات یان ئەو تاوانە لە ئەستۆ بگرێت.
بەرپرسانی یەمەنی لە وەزارەتی مافی مرۆڤ پرۆژەی بە بەڵگەییکردنی تاوانەکانی سعوودیەیان تەواو کردووە و بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ناردووە تا چیدی بیانوویەک لای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نەمێنێت.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لە سیاسەتی دووفاقیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان گرتووە و ڕایانگەیاندووە کە ئەو دامەزراوانە هەموو هەوڵێکیان گرتەبەر تا لە ئەگەری تاوانەکانی شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا ئاگادار بن بەڵام لە ماوەی 8 ساڵەی شەڕی سەپێندراوی سعوودیە لە دژی یەمەن هیچ هەنگاوێکیان نەبووە.
بەرپرسانی وەزارەتی مافی مرۆڤی یەمەن داوایان لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور کردووە کە کۆتایی بەم بێدەنگییە بێنن، لە بەر ئەوەی کە بەردەوامیی ئەم دۆخە زیاتر هانی بەرپرسانی سعوودیە بۆ تاوان و کوشتار دەدات.
چالاکوانانی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە هەڵسووکەوتی سعوودیە لە گەڵ پەنابەران دڕندانەیە و بە فەرمانی بەرپرسانی باڵای حکومەتی ڕیاز دەکرێت. ئەوان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پرسی کۆچ و پەنابەرێتی لە جیهان پرسێکی ئاساییە و تەنیا سعوودیە کۆچبەران و پەنابەران دەکوژێت./.