بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی فرانس پرێس لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئاماری لەسێدارەدانەکان لە وڵاتی سعوودیە دوو هێندە زیادی کردووە.
ڕۆژی پێنج شەممە 17 ی تشرینی دووەمی 2022 حکومەتی سعوودیە کەسێکی بە تۆمەتی قاچاخی مادە هۆشبەرەکان لەسێدارەدا.
بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بە پێی ئامارە فەرمییەکان لە لایەن حکومەتی سعوودیەوە لە ساڵی 2022 لەسێدارە دراون گەیشتووەتە 138 کەس.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2021 لە سعوودیە تەنیا 69 کەس لەسێدارە دران.
حکومەتی سعوودیە هەفتەی ڕابردوو هەواڵی لەسێدارەدانی دوو کەسی پاکستانیی بە تۆمەتی قاچاخی مادە هۆشبەرەکان ڕاگەیاند.
حکومەتی سعوودیە لە مانگی ئاداری ڕابردوو 81 کەسی لە یەک ڕۆژدا لەسێدارەدا کە کاردانەوەی زۆری نێودەوڵەتیی بە دوای خۆیدا هێنا./.