بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موحسین نەزیری ئەسڵ ڕۆژی پێنج شەممە 17 ی تشرینی دووەمی 2022 وتی: ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لە ژێر گوشاری سیاسی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بڕیارێکی لە دژی چالاکی ئاشتیخوازانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرکرد.
ناوبراو وتی: ئەو وڵاتانە لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی تەسکی سیاسی خۆیان و بەدەر لە ئەرک و ڕاسپاردەکانی ئاژانس ئەو بڕیارەیان دەرکرد.
نوێنەری ئێران وتی کە بڕیارەکە داوا لە ئێران دەکات لە گەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی هاوکاری بکات.
نەزیری ئەسڵ وتی: بە پێی بەردەوامی هاوکارییەکانی ئێران لە گەڵ ئاژانس، داواکردن لە ئێران بۆ هاوکاری، ئەویش لە ڕێگای بەکارهێنانی ئەنجومەنی بڕیاردەران وەک ئامرازێکی سیاسی و گوشار خستنە سەر ئێران لە ڕێگای پەسەندکردنی ئەو بڕیارەوە هیچ واتا و پاساوێکی نییە.
باڵیۆز و نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی جەختیکردەوە کە لە ئێستادا پلانی ئاشتیخوازانەی ناوەکیی ئێران یەکێک لە شەفافترین پلان و بەرنامەکانی وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکییە و وتی: ئامانجە سیاسییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەم بڕیارەدا و لە دژی ئێران مسۆگەر نابێت بەڵام پەسەندکردنەکەی دەتوانێت کاریگەریی لە سەر ڕەوتی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ ئاژانس هەبێت.
نەزیری ئەسڵ وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای پابەندبوون بە بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان، لە بەرگریکردنی بەرژەوەندی و مافەکانی وڵات و ڕوبەڕوبونەوەی گوشار و پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت./.