فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە ئەم هەواڵە گرنگەی بڵاو کردەوە، ڕایگەیاند کە دوژمنان چەند ڕۆژێکە ترساون و کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە ڕێگای وڵاتانی جیاجیاوە پەیام دەنێرن کە وەڵام نەدەنەوە.
ئەم لێدوانەی فەرماندەی سوپای پاسداران بە واتای ئەوەیە کە بەردەوام پەیامەکانی ئاگادارکردنەوەی ئەم دواییەی ئێران بۆ ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی لە ئاژاوەگێڕییەکان دەکەن، وەک خۆی ماوەتەوە.
تاقیکردنەوەی مووشەکی هایپرسۆنیک، ناردنی مووشەکی تایبەت بە مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان، نمایشی جۆری نوێی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی باوەڕ 373 لە گەڵ نمایشە سەربازییەکەی ناوچەی ئەرەس، سەرکوتکردنی گرووپە دژبەرەکانی شۆڕش لە هەرێمی کوردستان و ….. هاوکات لە گەڵ هەوڵی دوژمنان بۆ ئاژاوەگێڕی لە ناوخۆی ئێران تەنیا یەک واتای هەیە و ئەوەش ئەوەیە کە دۆسیەی ئەو وڵاتانەی هەوڵی ئاژاوەگێڕی دەدەن بە دڵنیاییەوە لە سەر مێزی هەڵسەنگاندن و تۆڵەکردنەوە دەبێت.
ئەگەرچی ژمارەیەک لەو وڵاتانە تا ئێستا هەوڵی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ڕژێمی زایۆنیستی ناسراو بە گومەزەی ئاسنینیان داوە و بڕوایان بە شکستی ئەم سیستەمە – کە لە میانەی شەڕی 12 ڕۆژەی غەززە ئاشکرا بوو – نەبوو، بەڵام ئێستا ڕوبەڕوی پێشهاتێکی نوێ لە بەرەی خۆڕاگری بوونەتەوە کە توانای تێپەڕبوونی لە هەر سیستەمێکی بەرگریدا هەیە، خێراییەکەی لە سەروی خێرایی دەنگە، شەپۆلە ڕادیۆییەکان دادەخات و ڕێگای چوونەکەشی پێشبینی ناکرێت.
ڕاستییەکی سەلمێندراو ئەوەیە کە ئێران هێزی یەکەمە و بە سەر ناوچەکەدا زاڵە و لە لایەکی دیکەوە سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی ناوچەکەن بزانن کە ئاستی توانا و کاریگەرییەکی ئێران هێندەیە کە بتوانێت ئەوانیش ڕوبەڕوی کێشە بکاتەوە، ناکرێت ئەوان لە پاریس و نیۆیۆرکەوە لە ئاسوودەییدا بن و پیلانەکانیان لە وڵاتانی ناوچەکە جێبەجێ بکەن.
ئەگەرچی وڵاتانی دوژمن بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە کە بۆ تێکدانی ڕەوشی ناوخۆیی ئێران پاڵپشتی لە ئاژاوەگێڕییەکان بکەن بەڵام ئەمجارە پیلانی هەندێک وڵات لە ڕێگای میدیاکانیانەوە ڕەنگ و بۆنێکی دیکەی هەبووە و پیلانەکە تا ڕادەیەک جیدیتر بووە. بەم پێیەش شرۆڤەی ناوخۆیی و لێکدانەوەی دەرەکی لە شێوازی هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم قۆناغەدا جیاوازترە لەوەی ڕابردوو. لێدوانەکەی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران سەبارەت بە ناردنی پەیامی ئەو وڵاتانەی لایەنگرییان لە ئاژاوەگێڕییەکان کردووە، بۆ ئێران و ئەوەی کە داوای لێبوردنیان کردووە، بەم هۆیەوە بووە.
دەبێت چاوەڕوان بین کە سزادانی لایەنگرانی دەرەکیی ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەی ئێران بە چ شێوازێک، لە چ ئاستێک و لە کام جوگرافیادا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە کە ئەمە مسۆگەر دەبێت، ڕەنگە کاتەکەی درەنگ یان زوو بێت، بەڵام هەر ڕوو دەدات./.