بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیر سەعید ئیروانی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕەوشی ئەفغانستان، وتی: دۆخی مرۆڤدۆستانە و سیاسیی ئێستای ئەفغانستان، پیشاندەری کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەستێوەردانی سەربازیی هێزە دەرەکییەکانە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و جێگیرکردنی ئاشتی و دیمۆکراسی لە وڵاتانی دیکە کە وێڕای پێشێلکردنی خاڵە هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی، وڵاتان و گەلان ڕوبەڕوی مەترسییەکی بێ کۆتایی دەکاتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە بەڵێن و بەرپرسیاریەتی هێزە دەرەکییەکان لە سەر دۆخی ئێستای ئەفغانستان، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لە سەر پێویستی لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو تاوانانە دەکاتەوە کە لە لایەن هێزە داگیرکارەکانەوە کراوە و لە ئێستادا ئەو لێکۆڵینەوەیە بە هۆی گوشاری سیاسی هەندێک وڵاتەوە ڕاگیراوە.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی خۆیی بۆ پەسەندکردنی بڕیارێک سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئەفغانستان ڕاگەیاند و وتی: پەسەندکردنی ئەم بڕیارە پەیامێکی ڕوونە لە یەکگرتوویی بۆ پاڵپشتی لە خەڵکی ئەفغانستان لە پێناو گەیشتن بە بوونی وڵاتێکی ئاوەدان، خاوەن ئاشتی و پشت بەستوو بە توانا خۆماڵییەکان.
ئیروانی وتی: داهاتووی ئەفغانستان بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوور و بەڵێنی بەشداریکردنی خەڵک لە ڕێزگرتن لە مافەکانی ئەوان بە هەموو پێکهاتە و ئائین و ژن و مێردەوە.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە کۆمەڵگایەکی جۆربەجۆری وەک ئەفغانستان، هیچ کات یەک گرووپ و حیزب بە تەنیایی توانای کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتی نابێت و پێویستە حکومەتێکی گشتگیری بنکەفراوان دابمەرزێت.
ئەمیر سەعید ئیروانی هەروەها بە ئاماژە بە نیگەرانییەکانی پەرەسەندنی تیرۆر لە ئەفغانستان، وتی: جیهان دەبێت لەوە دڵنیا بێت کە خاکی ئەفغانستان نابێتە شوێنێکی پارێزراو بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک قاعیدە و داعش و گرووپەکانی سەر بەوان.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنج شەممە 10 ی تشرینی دووەمی 2022 بڕیارێکی سەبارەت بە ئەفغانستان پەسەند کرد کە لە لایەن ئەڵمانیاوە پێشنیار کرا و بە دەنگی 116 وڵات بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران پەسەند کرا./.









