بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران شەوی پێنج شەممە 10 ی تشرینی دووەمی 2022 لە وتووێژی تەلەفوونیی لە گەڵ ئەنتۆنیۆ گۆترش ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەخنەی لە سیاسەت و هەڵسووکەوتی دووفاقیی ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پرسی مافی مرۆڤ گرت و وێڕای ڕەتکردنەوەی هەوڵەکانی ئەوان بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ئێران، وتی: دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ دەبێت لە سەر ئەو وڵاتانە بکرێت کە پاڵپشتی لە تیرۆر و توندووتیژی دەکەن، نەک بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە پاڵپشتی ڕاستەقینەی مافی مرۆڤە و بەرگری لە مافی چەوساوەکانی جیهان دەکات و لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەش ئەوپەڕی نەرمیی پیشان داوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەبارەت بە کاریگەری ئەم هەنگاوە سیاسییەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە سەر داهاتووی پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆشداریی دا.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەو وتووێژەدا هەر دەستێوەردانێکی سیاسیی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی لە کاروباری وڵاتاندا ڕەتکردەوە./.









