بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئیسماعیل خەتیب وەزیری هەواڵگری کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی لە گەڵ ماڵپەڕی KHAMENEI.IR وتی: بێگومان گەورەترین پرۆسەی کاریگەری لە سەر وڵاتانی جیهان بۆ ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕی، لە ڕێگای شەڕی هەمەلایەنەوە، ئەوە بوو کە لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە و پاش ئەوەش لە لایەن ئەمریکا، بەریتانیا، سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستییەوە بینرا.
ناوبراو وتی: لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا دەستی ڕژێمی زایۆنیستی لە جێبەجێکردنی پیلانەکاندا ئاشکراتر بوو، لە پڕوپاگەندە و بانگەشەدا دەستی بەریتانیا و لە تێچووی داراییدا دەستی ڕژێمی سعوودیە زیاتر بینرا، کۆی گشتی پاڵپشتی دارایی لە بواری بانگەشە و پڕوپاگەندە و دابینکردنی پێداویستییەکان و ئاسانکاری بۆ پەیامنێران بە تێچووی سعوودیەوە کراوە.
وەزیری هەواڵگری کۆماری ئیسلامی ئێران وتی:ئێمە هیچ کات وەک بەریتانیا پاڵپشتی لە کردەوە تیرۆریستییەکان و ناسەقامگیرکردنی ڕەوشی ناوخۆیی وڵاتانی دیکە نابین، بەلام بەڵێنی ئەوەش نادەین کە رێگری لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لەو وڵاتانەدا بکەین، هەر بۆیە وڵاتی بەریتانیا تێچووی کردەوەکانی خۆی بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵاتی گەورەی ئێران دەدات.
سەید ئیسماعیل خەتیب وتی: کەناڵی ئینتەرنەشناڵ لە لایەن دەزگای ئەمنی ئێرانەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و ئەندامەکانی وەک داواکراوی وەزارەتی هەواڵگری مامەڵەیان لە گەڵ دەکرێت و لێرە بە دواوە، هەر جۆرە پەیوەندییەک لە گەڵ ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە وەک هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی هەژمار دەکرێت./.