بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەمید ڕەزا ئاسفی وتەبێژی پێشووتری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییە و پڕوپاگەندەی ئەمریکییەکان لە سەر ناردنی درۆنی ئێرانی بۆ شەڕی ئۆکرانیا وتی: ئەمریکییەکان تەنیا قسەی خۆیان قبووڵ دەکەن، ئەوان ئەو ڕژێمەن کە بەرگری لە حکومەتەکانی کودەتا دەکەن، چەک بە وڵاتانی جیاجیا دەدەن و لە ئێستادا بە چەکی ئەمریکی لە یەمەن خەڵک کۆمەڵکوژ دەکرێن.
ناوبراو وتی: ئەمریکییەکان ڕژێمی زایۆنیستی پڕ چەک دەکەن و خەڵکی فەڵەستین بە ژن و منداڵەوە کۆمەڵکوژ دەکرێن، کارنامەی و ئەزموونی ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی ڕژێمە خوێنمژ و دیکتاتۆرەکان بۆ خەڵکی جیهان ڕوون بووەتەوە.
ئەو شارەزایەی کاروباری سیاسەتی دەرەوە وتی: هاوکارییەکانی ڕابردووی ئێران و ڕووسیا بووەتە هۆکاری ئەوەی کە واشنتن دوژمنایەتییەکانی لە دژی ئێمە چڕ بکاتەوە و هەوڵ دەدەن لەم ڕێگایەوە گوشارەکانیان لە سەر ئێران زیاتر بکەن.
ئاسفی سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتی: هاوپەیمانی ئەمریکا و ئەلبانیا بابەتێکی سەیرە، بە شێوازێک کە ئەلبانیا داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی کرد، ئەلبانیا چەندین هەزار تیرۆریستی ڕێکخراوی مونافقینی شوێن کردووەتەوە کە هۆکاری تیرۆرکردنی لانیکەم 17 هەزار ئێرانین، هەر بۆیە بەرپرسانی ئەلبانیا ناتوانن بانگەشەی مافی مرۆڤ بکەن.
باڵیۆزی پێشووتری ئێران لە فەرەنسا وتی: لە چەند مانگی ڕابردوو دوژمنایەتی ئەمریکا شێوازی نوێی لە خۆ گرتووە و بۆ ئەمەش پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیای کردووەتە بیانوو. پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا بووەتە جێی نیگەرانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی.
حەمید ڕەزا ئاسفی وتی: تواناکانی ئێران لە بواری بەرگری بووەتە هۆی پاراستنی لە بەرامبەر هەڕەشە و مەترسییەکان، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی توڕەبوونی ئەمریکییەکانە.
وتەبێژی پێشووتری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە گەڵ ئەمەش دەبێت ئاماژە بە سەرکەوتن و دەسکەوتەکانی ئێران لە ناوچەکە، بە تایبەت لە لوبنان و سوریا و تەنانەت لە عێراقیش بدەین. لە عێراق حکومەتێک دەسەڵاتی گرتووەتە دەست کە خواستی ئەمریکییەکان نەبووە و جیهان دانی بەوەدا ناوە کە ئەمریکا لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیدا شکستی هێناوە، ئەمریکا هەوڵی ئەوەی دەدا مستەفا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق بمێنێتەوە، دەتوانین بڵێین کە ئەمریکییەکان بەردەوام گۆڕەپانەکەیان لە بەرامبەر ئێران دۆڕاندووە.
وتیشی کە شکستی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دژی ئێران دەبێت ببێتە وانەیەک بۆ بەرپرسانی ئەمریکا و بەو ڕاستییە بگەن کە ئەو وڵاتە نین هەر شتێک بڵێن لە لایەن وڵاتانی دیکەوە جێبەجێ بکرێت، سەردەمی ئەوە بە سەر هاتووە کە ئەمریکا وەک زلهێزێک ئیرادەی بە سەر وڵاتانی دیکەدا بسەپێنێت./.